سەردێڕ:

لیستی مووچەی مانگی سێ بڵاوکرایەوە

PM:07:40:05/04/2024

20316 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی سێی بڵاوکردەوە و بەپێی لیستەکە رۆژی شەممە ٦ـی نیسان دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆران دەکرێت. یەکەم توێژیش کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدان مووچە وەردەگرن.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لیستی مووچەی مانگی ئازاری بڵاو کردەوە و تێیدا سبەی شەممە رۆژی ٦ـی نیسان دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار دەکرێت، لیستەکەش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

هاوکات وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لە رۆژی شەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و تاوەکو پێش جەژن مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لیستی مووچە بەپێی هاتنی تەمویلی وەزارەتی دارایی عێراق دانراوە و لەکاتی هەر گۆڕانکارییەک لە هاتنی تەمویلەکە، گۆڕانکاری لە لیستەکەدا دەکرێت.

بەپێی لیستەکە، رۆژی شەممە، ٦ـی مانگی چوار، مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانییە سیاسییەکان، خاوەن پێداویستی تایبەت، خانەنشینی شارستانی و خانەنشینی پێشمەرگە مووچە وەر دەگرن.

رۆژی یەکشەممە، ٧ـی مانگی چوار، وەزارەتی تەندروستی، کاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن مووچە وەردەگرن.

رۆژی دووشەممە، ٨ـی مانگی چوار، وەزارەتی پەروەردە، داد، ئەنجومەنی دادوەری، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، دیوانی چاودێری دارایی، پلان دانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان، ئەنجومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش، هیزی زێرەڤانی، هێزی بەرگری و فریاکەوتن، یەکەی ٧٠، یەکەی ٨٠، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران مووچە وەردەگرن.

پێشتریش، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرجەم بانکەکان ئاگادار کراونەتەوە پێش جەژن مووچەی تەواوی مووچەخۆران دابەش بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژی شەممەوە ٦ـی نیسان دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن تاوەکو بتوانن پێش جەژن مووچەی مووچەخۆران دابەش بکەن. وتیشی، "مووچەی ئەو توێژانەشی کە فریا ناکەون پێش جەژن مووچەکانیان وەربگرن، دەکەوێتە دوای جەژن".



 













گەلەری