سەردێڕ:

راگەیەندراوی ئاسایش لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی گوڵەخانە

AM:08:22:05/04/2024

8652 جار خوێندراوەتەوە

ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی شەوی رابردوو لە گوڵەخانە دروست بوون کەسێک کوژراوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون. دەشڵێت، "کەسێکمان بە تۆمەتی کوشتنی کوژراوەکە دەستگیر کردووە".


ئەمڕۆ هەینی، ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوە کردووە، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزی چەکداری لە نێوان هێزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستاندا کەسێک کوژراوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتن دەستگیر کردووە.

شەوی رابردوو، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان باڵەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستاندا روویدا و عەبدوڵای حاجی مەحمود جێگری دوورخراوەی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە گوڵەخانە هێزێکی چەکداریی سەر بە پارتی سۆسیال دیموکرات لەژێر سەرپەرشتی محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات بە ئاڕ پی جی و چەکی قورس هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی لە گوڵەخانە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشە چەکدارییەدا کوڕەکەی گولـلەیەک بەر سەری کەوتووە و بە سەختی بریندارە. وتیشی،"هیچ کێشەکمان لەگەڵ سەرۆکی پارتەکەدا نەبووە و لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە لە ناوچەکە بڵاوەی پێکراوە".

باسی لەوەش کرد، جگە لە کوڕەکەی پێشمەرگەیەکیش کە بەرپرسی پاسەوانەکانییەتی بریندارکراوە. وتیشی، لە ئێستادا شەڕەکە کۆتایی هاتووە.

هاوکات، چاوگێکی ئەمنی لە باڵی محەمەدی حاجی مەحمود بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، دوای تەواو بوونی کۆنگرەی هەشتەمی سۆسیال دیموکرات تەلەفۆن بۆ عەبدوڵای حاجی مەحمود کراوە و پێیان وتوە کە ئێمە لە بەرەی تۆین بەڵام کە گەیشتوون پێکدادان دروست بووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، لە گوڵەخانە شەڕەتەقە لەنێوان دوو هێزی پارتی سۆسیال دیموکرات روویدا و بەهۆی شەڕەکەوە هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکەدا بڵاوەی پێ کرا.













گەلەری