سەردێڕ:

کۆمسیۆن مەرجەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمی کارمەندانی سەر سندوقی بڵاو کردەوە

AM:11:14:04/04/2024

20144 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆن مەرجەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمی کارمەندانی سەر سندوقی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بڵاو کردەوە و ١٠ مەرج لەخۆ دەگرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مەرجەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمی کارمەندانی سەر سندوقی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە.

مەرجەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمی کارمەندانی سەر سندوق:

١.لەدایکبووی ساڵانی ١٩٦٩ بۆ ٢٠٠٥ بێت.

٢. کەمترین بڕوانامە (بۆ ئەوانەی فەرمانبەرن) نابێت لە ئامادەیی کەمتربێت.

٣. فێرخوازانی سەرجەم قۆناغەکانی زانکۆو پەیمانگاکان کە خوێندن تیایاندا دوای تەواوکردنی ئامادەییە، بەو مەرجەی تەمەنی پێشکەشکار لە ١٩ ساڵ کەمتر نەبێت.

٤.بۆ (دەرچوانی دانەمەزراو) کەمترین بڕوانامە (دبلۆم)ە، جگە لەو ناوەندی تۆمارانەی کێشەی کەمی کارمەندیان هەیەو پێشوەختە لەلایەن کۆمسیۆنەوە دیاری دەکرێن، کە خاوەن بڕوانامەی ئامادەییش دەتوانن فۆرمی بۆ پڕبکەنەوە.

٥.پێویستە پێشکەشکار (کارتی دەنگدانی بایۆمەتری) هەبێت.

٦.پێویستە لە دانیشتوانی پارێزگاکە بێت.

٧.دەبێت بۆ سنوری ناوەندی تۆمارکردنەکەی خۆی فۆرم پڕبکاتەوە.

٨.نابێت پێشتر بڕیاری سزادانی بۆ دەرچووبێت و لە پاداشتی کۆمسیۆن بێبەش کرابێت، یاخود لە وانەبێت کە دووجار یان زیاتر پەنجەمۆری کردووە، یاخود کارمەندی ئەو وێستگانە بووبێت کە پەنجەمۆری دووبارەی هەبووە.

٩.نابێت لە خزمو نزیکانی پاڵێوراوانی (هەمان بازنەی هەڵبژاردن) بێت، وەک (باوک، دایک، کوڕ، برا، خوشک، هاوسەر، هاوژین، مام، ئامۆژن، خاڵ، خاڵۆژن).

١٠.پێشکەشکار دەبێت بەڵێننامەیەکی دەستنووس پڕبکاتەوە و، بەڵێن بدات کە رێوشوێنەکانی لێپرسینەوەو دادگەری نایگرێتەوە و، حوکم نەدراوە بەکردنی تاوان و، یەکێک نییە لە ئەندامانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و، نابێتە نوێنەری پارتە سیاسیە رکابەرەکان یان یەکێک لە چاودێرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەڕۆژی دەنگدان، وە دەبێت سەربەخۆبێت و، پابەندبێت بە بنەماکانی ڕەفتاری ئامادەکراو لەلایەن کۆمسیۆنەوە.













گەلەری