سەردێڕ:

دوای ١٠٠ ساڵ؛ رێگە بە سەربازانی بەریتانیا دەدرێت ریش بهێڵنەوە

PM:01:00:30/03/2024

5072 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمجار لەدوای ١٠٠ ساڵ، بە مەرجی دەرکەوتنیان بە رێکوپێکی، رێگە بە سەربازانی بەریتانیا دەدرێت ریش و سمێڵ بهێڵنەوە.


دوای چەندین ساڵ لە گفتوگۆ و داواکاری، بۆ یەکەمجار رێگە بە سەربازانی بەریتانیا درا لە خزمەتی سەربازییاندا ریش و سمێل بهێڵنەوە و بەپێی ئەو پەیامە ڤیدیۆیەشی لەبارەی بڕیارەکەوە بڵاوکرایەوە، راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەو بارەیەوە وتەبێژی سوپای بەریتانیا بە ماڵپەڕی "بی بی سی" نیشتیمانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دوای مشتومڕ و لێکۆڵینەوەی زۆر و دوای چەند مانگێک گەیشتوونەتە ئەو بڕیارە.

لەبارەی بڕیارەکەوە وتووشییەتی، "ئێمە گوێمان لە خەڵکی خۆمان گرتووە و بەو جۆرە رەفتارمان کرد کە ئەوان داوایان کرد."

ئەو وتەبێژە باسی لەوەشکردووە، رەنگە هەندێک جار و لە هەندێک بۆنەی تایبەتدا داوا لە سەربازەکان بکرێت کە ریشیان بتاشن، بەڵام ئەوە تەنها لەو کاتە پێویستانە و بۆ ئەو بۆنە تایبەتانە دەبێت.

میدیاکانی بەریتانیا باس لەوەدەکەن، لەدوای ئەو بڕیارەی سوپای بەریتانیاوە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زیاتر لە گەنجەکان روو بکەنە خزمەتی سەربازی، کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی مەرجی تاشینی ریش و سمێڵیان رەنگە نەیانویستبێت ببنە سەربازی سوپا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، مەرجی تاشینی ریش و سمێڵ لە چەندین وڵاتدا پەیڕەو دەکرێت و لە بەرامبەریشدا هەریەک لە ئەڵمانیا و بەلجیکا و دانیمارک و چەند وڵاتێکی دیکە رێگە بە هێشتنەوەی ریش و سمێڵی سەربازەکانیان دەدەن.

هـ.ئـ

 













گەلەری