سەردێڕ:

بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا کەی رێژەی سوودی بانکی کەم دەکاتەوە؟

PM:11:32:29/03/2024

1228 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا رایگەیاند، بە گوێرەی راپۆرتەکانی هەڵاوسان و سەرجەم ئەو راپۆرتانەی کە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، لەم دۆخەدا ناتوانن بڕیاربدەن لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی. دەشڵێت،" رێژەی بەکاربردن پێمان دەڵێت کە هەڵاوسان رووی لە دابەزین دەبێت بەڵام نامانەوێت پەلەبکەین".


ئەمڕۆ هەینی، جیرۆم پاوڵ سەرۆکی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا لە سانفرانسیسکۆ رایگەیاند، بە گوێرەی داتاکانی بازاڕی ئەمریکا لە ئێستادا ناتوانن هیچ ئەگەرێک بخەنەڕوو لەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتوودا رێژەی سوود کەمدەکەنەوە یاخود وەک خۆی دەیهێڵنەوە.

باسی لەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی کە راپۆرتەکان ئاماژەیەکن بۆ کەمبوونەوەی هەڵاوسان و دەتوانن بڕیاربدەن لەوەی رێژەی سوود بۆ ٥.١٥٪ کەمبکەنەوە بەڵام نایانەوێت بڕیاری خێرا بدەن تا تەواوی ئەگەرەکانی گەشەی ئابووری لەبەرچاو نەگرن.

ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ ئەگەرێک نییە کە رێژەی هەڵاوسان لەم چەند مانگەدا بگاتە ٢٪ بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بڕیار نادەن لەبارەی سوودی بانکییەوە. وتیشی، "بازاڕی کار بە ئاڕاستەیەکی باشدا دەڕوات بۆیە رۆشناییەک هەیە کە هەڵاوسان تا مانگی حوزەیران داببەزێت".

هاوکات، شارەزایانی سیاسەتی دراو پێیان وایە بانکی فیدڕاڵی بە ئەگەرێکی زۆرەوە پرسی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دوادەخات بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ و تا مانگی حوزەیرانیش رێژەی سوودی بانکی لە نێوان ٥.٢٥ بۆ ٥.٥٠٪ دەمێنێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، سیاسەتی دراوی ئەمریکا بۆ ٢٣ـیەمین ساڵ لەسەر یەک سوودی بانکی نەگۆڕیوە و دەیەوێت بەهۆی مامەڵەی دەرەکی و ناوخۆییەکانەوە کۆنتڕۆڵی ئەو دۆخە بکات، پێشتریش بانکەکە رایگەیاندبوو کە نایانەوێت بە سوودی بانکی، هەڵاوسان کەمبکەنەوە لە کاتێکدا بازاڕەکان دەتوانن ئەوە بکەن.













گەلەری