سەردێڕ:

فراکسیۆنی نەوەی نوێ: داوامان لە وەزیری دارایی عێراق کرد کێشەی مووچە چارەسەر بکات

PM:02:23:27/03/2024

1456 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی نەوەی نەوێ لە پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی پلانی ستراتیژیدا، وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ داوایان لە وەزیری دارایی عێراق کردووە کە چارەسەری کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەن و کۆتایی بەکێشەکان بهێنن لەگەڵ هەرێم.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاریان تاوەگۆزی لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی پلانی ستراتیژی لە پەرلەمانی عێراق، بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق باسی لەوە کردووە هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ فەرمانبەرانی هەرێم کردووە و ئەوەی کە ماوەتەوە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقە سەبارەت بە نیشتیمانی کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کورستان.

ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری دارایی عێراق وتوویەتی کار بە هەژماری من ناکەن، چونکە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ناوی چەند بانکێکی عێراقی داوە و تەنها لەو بانکانەوە فەرمانبەرانی هەرێم دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن و ئەو بانکانەش کە لەهەژماری مندا هەن دەبێت بانکی ناوەندی عێراق ئیعترافیان پێ بکات.

ئەوەشی خستە روو، وەک نەوەی نوێ پێداگریان لەوە کردووە کە بەزووی چارەسەری کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەن چوونکە ماوەی شەش مانگە تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە.

دەشڵێت، "ئەگەر حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم کێشە دروست نەکات، بە پاڵپشتی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی سێش دابەش دەکات".

هاوکات، وەزیرە ئەحمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزیری دارایی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە بە نیشتیمانی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کاتێکی کەمی دەوێت و پرۆسەیەکی ئاسانە و ئەوەی رێگریان لێدەکات حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمە.

باسی لەوەش کرد، وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندوون، حکومەتی هەرێم زۆر قەرزارە و تا داهاتی تەواوی هەرێم رادەستی بەغدا نەکرێت ناتوانن مووچەی مانگی سێ دابەش بکەن.













گەلەری