سەردێڕ:

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان: هەوڵەکانمان بۆ دەستپێکردنەوە هەناردەکردنی نەوت بەردەوامن

PM:12:02:27/03/2024

872 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، نەوتی هەرێم ١٠٪ داهاتی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت و لە دوای راگرتنی هەناردەی نەوتەوە قەیرانێکی ئابووری هەرێمی گرتووەتەوە. دەشڵێت، " هەوڵەکانمان بۆ دەستپێکردنەوە هەناردەکردنی نەوت بەردەوامن".


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە ماوەی ساڵێکە قەیرانی ئابووری هەرێمی گرتووەتەوە و نەشیانتوانیوە شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان بگەڕێننەوە.

ئەوەشی خستە روو، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامن، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراقی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حکومەتی کاربەڕێکەر راسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگای لیژنەیەکەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، یەکەم شاندی هەرێم بە سەرپەرشتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەمەبەستی هەناردەی نەوتی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و دوای ٢١ جار کۆبوونەوە هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و چارەنوسی هەناردەی نەوتی هەرێمیش بە نادیاری ماوەتەوە.

هەناردەی نەوتی هەرێم ٩ ساڵ لەمەوبەر؛

لە ناوەڕاستى ٢٠١٥ـدا دەسەڵاتى هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا دەستى کرد بە هەناردەى نەوتى هەرێم و لە ژێرناوی(ئابورى سەربەخۆ)، بانگەشەى ئەوەیان دەکرد لە رێگەى فرۆشتنى نەوتەوە ئابورى هەرێم بەهێز دەکەن و مووچەى فەرمانبەران زیاد دەکەن و هەر هاوڵاتیەک مانگانە هەزار دۆلار دەچیتە سەر هەژمارەکەی.

هاوکات لەوکاتەوە مووچەى فەرمانبەران مانگانە دابەش ناکرێت و بەبێ هیچ دەستکەوتێک بۆ خەڵک، ٣٤ ملیار دۆلاری قەرزى بەداوادا هات و ئەنجامەکەشى راگرتنى نەوتەکە بوو، پاشانیش مەلەفەکە درایە بەغدا و لەو کاتەوە حکومەتى عێراق گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانى بەرهەمێنەرى نەوت و تورکیا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، بەڵام تائێستا رێککەوتنى کۆتایی لەسەر نەکراوە.

راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم؛

رۆژى ٢٥ـی ئازارى ٢٠٢٣ و بە بڕیارى ژووری ناوبژیوانى دادگای نێودەوڵەتی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێم کە ٤٥٠ هەزار بەرمیلى رۆژانە بوو راگیرا، مانگى ئەیلولى ٢٠٢٣ـش تورکیا رایگەیاند، ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم، بەڵام تا ئێستا بەهۆى داواکردنى پارەیەکى زۆرەوە لەلایەن حکومەتى کاربەڕێکەرەوە لە عێراق، هەناردەى نەوت دەستى پێنەکردووەتەوە.













گەلەری