سەردێڕ:

رۆژنامەی ئەلعەرەب: نەوەی نوێ لە گەشەکردندایە و گرەنتیش نییە پارتی لە دەسەڵات بمێنێتەوە

PM:05:14:26/03/2024

5616 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی ئەلعەرەب بڵاوی کردەوە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید، کە چەند ساڵێک لەمەوبەر دامەزرا، سەرهەڵدانێکی بەرچاوی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار کرد و توانی ژمارەیەکی بەرچاو لە جەماوەر بەتایبەت گەنجان بەلای خۆیدا رابکێشێت. دەشڵێت، "نەوەی نوێ لە گەشەکردندایە و گرەنتیش نییە پارتی لە دەسەڵات بمێنێتەوە".


ئەمڕۆ سێشەممە، رۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن، لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بووەتە هەڕەشە لە بەردەم حزبەکانی دەسەڵات لە هەرێم و بەتایبەت پارتی، بەهۆی ئەوەی پێشتر بە تۆمارکردنی سکاڵایەک لە دادگای فیدراڵی دژی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێم، پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ هۆشداری داوە لەوەی کە پارتی هەوڵ بۆ تێکدانی هەڵبژاردن دەدات چونکە لە ئەنجامدانی دەترسێت. دەشڵێت، "نەکردنی هەڵبژاردن لە هەرێمدا ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "پارتی و یەکێتی ترسیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەیە و مافی خۆیانە بترسن، چونکە ئەگەر هەڵبژاردن بکەن دەدۆڕێن و ئەگەریش نەیکەن دەڕووخێن".

رۆژنامەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، نەوەی نوێ پێشتر رەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم گرتووە سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەوبارەیەشەوە سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ وتویەتی" حکومەتی هەرێم یاریەکی پیس دەکات بۆ دەربازبوون لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ". هەروەها دەسەڵاتدارانی هەرێمی بە دز تۆمەتبار کردووە و داوا لە دادگای فیدراڵی و بانکی ناوەندیی عێراق دەکات هیچ دەرفەتێک بەو کەسانە نەدەن کە بژێوی خەڵک دەدزن، هەروەها حکومەتی هەرێمی تۆمەتبار کردووە بەوەی هەموو بەها ئەخلاقی و مرۆییەکانی تێپەڕاندووە و منداڵی بەرپرسان چێژ لە پارەی دزراو و بژێوی خەڵک وەردەگرن و هاوڵاتیانیش سەرەتاییترین مافەکانیان نییە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بە چەند لێدوانێكی دیکەی سروە عەبدولواحید كردووە، كاتێك هەڕەشەی دووبارە پەنابردن بۆ دادگای عێراقی كردووە بۆ رێگریكردن لە پەكخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا لەلایەن پارتییەوە و وتویەتی، "هەر هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ناچارمان دەكات بچینە دادگای فیدراڵی و حكومەتی هەرێم بە ناشەرعی بناسێنین".

باس لەوەش کراوە، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، پارتی بە رفاندنی ئەندامێکی باڵای نەوەی نوێ تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "هەفتەیەک پێش ئێستا عومەر مامە کوردە ئەندامێکی نەوەی نوێ لەلایەن هێزێکی پارتییەوە رفێندرا، ئێمە و خێزانەکەشی نازانین کێ دەستگیری کردووە و لە کوێیە".

سروە عەبدولواحید باسی لەوەش کردووە، رفاندنی ئەو سەرکردەیەی نەوەی نوێ تەنها لەبەر ئەوە بووە لە چاوپێکەوتنێکدا وتویەتی، نەوەی نوێ سکاڵا لەسەر حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم تۆمار دەکات، چونکە دەستی بەسەر مووچەی فەرمانبەراندا گرتووە و دابەشی ناکات.













گەلەری