سەردێڕ:

ناوخۆی هەرێم: هەر کارمەندێک جلوبەرگی سەربازیی بۆ خۆنمایشکردن بپۆشێت سزا دەدرێت

PM:03:30:26/03/2024

6368 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم رایگەیاند، هەر ئەفسەر و کارمەندێک جلوبەرگی سەربازیی بۆ خۆنمایشکردن بپۆشێت سزا دەدرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، تارق ئەحمەد ئیبراھیم بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێم رایگەیاند، نوسراوێکیان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە ئاڕاستە کراوە کە تێیدا باس لەوە کراوە ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان پێویستە تەنها بۆ کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان و چالاکی پێویست جلوبەرگی سەربازیی بپۆشن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە نوسراوەکەدا ئەوە هاتووە، لە پێناو پاراستنی شکۆی ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ کە بەرپرسن لە پاراستنی سەروگیانی هاوڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی، قەدەغەیە بە جلوبەرگی سەربازییەوە بۆ هیچ مەبەستێك جگە لە ئەرکەکانیان ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکەنەوە.

باس لەوەش کراوە، ئەگەر ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ بەشداری هەر چالاکییەك بکەن پێویست بێت جلوبەرگی سەربازیی لە دەرەوەی کاتی دەوام لەبەر بکەن و چالاکییەکە لە هەر کەناڵێکی میدیایی یان تۆڕی کۆمەڵایەتی پیشان بدرێت، ئەوا پێویستە رەزامەندی سەرووی خۆیان وەربگرن.

ئەوەش خراوەتە روو، "هەر کەسێك بۆ هەر مەبەستێکی دیکە جلوبەرگی فەرمی لەبەر بکات و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان خۆی نمایش بکات لێپرسنەوەی یاسای لەگەڵ دەکرێت".













گەلەری