سەردێڕ:

جارێکی دیکە ئەمریکا و بەریتانیا گروپە چەکدارەکانی یەمەنیان کردە ئامانج

PM:03:07:25/03/2024

848 جار خوێندراوەتەوە

لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە جارێکی دیکە ئەمریکا و بەریتانیا هێرشیان کردە سەر گروپە چەکدارەکانی یەمەن و هێرشەکەش لەلایەن گروپە چەکدارەکانی یەمەنەوە پشتڕاست کراوەتەوە.


گروپە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاند، لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا بۆسەر ناوچەی سەنعای پایتەخت و چەند شارێکی دیکە کۆمەڵێک کەس کوژران و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هێرشی گروپە چەکدارەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە دەریای سوور، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە بەردەوامە، ئەو دوو وڵاتەش بەردەوامن لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان.

بەو هۆیەشەوە لە بەرەبەیانی رۆژی ١٢ی مانگی کانونی دووەم هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکا و بەریتانیا چەند پێگەیەکی تایبەت بە گروپە چەکدارەکانی یەمەنیان بۆردومانکرد وەک بەرپەچدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە دەکرایە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.

دەریای سوور بە ڕێرەوێکی گرنگی بازرگانی جیهانی دادەنرێت بە جۆرێک لە ١٢٪ـی بازرگانی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، هەر بەوهۆیەشەوە کۆمەڵگەی نێودوڵەتی جەخت دەکەنەوە لە پاراستنی ئاسایشی دەریای سوور.













گەلەری