سەردێڕ:

١٥٧ خێزانی ئاوارە لە کەمپێکی هەرێم گەڕێنرانەوە ناوچەکانی خۆیان

PM:02:27:24/03/2024

1136 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، ١٥٧ خێزان لە کەمپی حەسەن شام لە سنووری هەولێر گەڕێنراونەتەوە ناوچەکانی خۆیان کە زۆرینەیان خەڵکی پارێزگای نەینەوان.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، بە هەماهەنگی نێوان رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق و هەرێم، لە کەمپی حەسەن شام لە سنووری هەولێر کاروانی سێیەمی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەستی پێکردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ ١٥٧ خێزان لەو کەمپە لەسەر خواستی خۆیان گەڕێنراونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە پارێزگای نەینەوا.

ئەوەشی خستە روو، لە سنووری هەولێر سێ کەمپ هەن بریتین لە، کەمپی خازر بە تێکڕا ٧٠٠ خێزان لەخۆدەگرێت و کەمپی حەسەن شامی دووەم نزیکەی ٦٠٠ خێزان لەخۆدەگرێت، هەروەها کەمپی حەسەن شامی سێیەم کە هەزار و ٢٠٠ خێزانی تێدا دەژین.

پێشتر، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، هەر خێزانێکی ئاوارە بگەڕێتەوە ناوچەکانی خۆیان بڕی چوار ملیۆن دیناریان وەک قەرەبوو پێدەدرێت، هەروەها هەر خێزانێکی ئاوارەی شنگال بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی چوار ملیۆن دیناری لەگەڵ پارچە زەوییەک پێدەدرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢٤ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاردرا کە سندوقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و نەینەوا و سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە راسپێردران کە زەوی بەسەر ئەو خێزانە ئاوارانەدا دابەشبکەن کە دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.













گەلەری