سەردێڕ:

کەشناسی هۆشداری لەبارەی ئەو شەپۆلە باران و تەرزەیەوە دەدات کە روو لە هەرێم دەکات

PM:12:21:24/03/2024

34992 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم هۆشداری داوە لەبارەی ئەو شەپۆلە نوێیەی روو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەکات و دیلان رەشاد وتەبیژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەپۆلەکە لە باشووری هەرێم و ئیدارەی گەرمیانەوە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما دادەبەزن و بەفر دەبارێت.


دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئەنجامى کاریگەرى دوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور و کەنداوى عەرەب لە دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆوە شەپۆلێکى بارانبارین روو لە ناوچە جیاجیاکانى هەرێم دەکات.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، شەپۆلەکە لە باشووری هەرێمەوە دەستپێدەکات و لە ئیدارەی گەرمیان زۆرترین بڕی باران دەبارێت بەتایبەت لە درەنگانی شەودا، بڕی بارانبارینی پێشبینیکراویش لەنێوان ٣٥-٤٥ ملم دەبێت و هەندێک کات هەورەتریشقە و بارانی بە لێزمە دەبێت و ئەگەری هەستانی لافاوی لێدەکرێت.

ئەوەشی خستە روو، دواتر کاریگەرى شەپۆلەکە درێژدەبێتەوە بۆسەر بەشێک لە سنوورى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى راپەڕین و بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو لەنێوان ٢٠-٢٥ ملم دبێت و دواتر درێژدەبێتەوە بۆسەر سنوورى پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانیان، کە بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو لە سەنتەری شاری هەولێر ١٠ – ١٥ ملم دەبێت و لە ئیدارەی سۆران سەروو ٢٠ ملم دەبێت.

وتیشی، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ کاریگەرى شەپۆلەکە کەمتر دەبێت و بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو لەنێوان ٧ بۆ ١٢ ملم دەبێت.

دیلان رەشاد دەشڵێت، لەگەڵ بارانبارین لە شەودا بارستە هەوایەکى سارد روو لە ناوچەکە دەکات و لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان بەفر دەبارێت و لەناو شارەکانیشدا تەرزە دەبارێت.

لەبارەی کاتی کۆتاییهاتنی شەپۆلەکەشەوە دەڵێت، لەدوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممەوە شەپۆلەکە بەرەو لاوازبوون و نەمان دەچێت.


 













گەلەری