سەردێڕ:

کەشناسی هەرێم: شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ و تەرزە روو لە هەرێم دەکات

AM:11:35:24/03/2024

30936 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، لەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانابارینی بەخوڕ و تەرزە و هەورەبروسکە روو لە هەرێم دەکات و لە ناوچە سنوورییەکان و لوتکەی شاخەکان بەفر دەبارێت.


بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە، کەش هەوردەبێت تاوەکو کاتەکانى نیوەڕۆ و ئەگەرى بارانی کەم لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە، لە دواى نیوەڕۆوە لە ئەنجامى کاریگەرى دوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور و کەنداوی عەرەبی شەپۆلێکى باران بارین ڕوو لە ناوچەکە دەکاتەوە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەرى ئەم شەپۆلە سەرەتا لە ناوچەکانى باشوورى هەرێم دەست پێدەکات، لە ئیدارەى گەرمیان و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە و باشوورى پارێزگاى سلێمانى باران بارینى بەلێزمە و هەورە تریشقە دەبێت و رێژەی بارانبارین بەراورد بە ناوچەکانى تر زیاتر دەبێت، بڕی بارانبارینى پێشبینى کراو لە سنوورى ئیدارەى گەرمیان لە نێوان ٣٥ ملم تا ٤٥ ملم دەبێت.

ئەوەش هاتووە، کاریگەرى ئەم شەپۆلە تاوەکو بەرەبەیانى رۆژى دووشەممە بەردەوام دەبێت و لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى ڕاپەڕین و سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ؛ رێژەی بارانبارین کەمتر دەبێت.

دەشڵێت، لە ناوچە سنوورییەکان و لوتکەى شاخە بەرزەکان بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

کەشناسی هەرێم راشیگەیاندووە، سبەی دووشەممە، کاریگەرى شەپۆلى بارانبارین بەردەوام دەبێت تاوەکو کاتەکانى بەرەبەیان، هەروەها لە ئەنجامى گاریگەرى بارستە هەوایەکى سارد پلەکانى گەرما زیاتر نزم دەبنەوە و ئەگەرى بارینی تەزرە لە کاتەکانى بەرەبەیاندا لە هەندێک ناوچە هەیە، پاشان لە دواى نیوەڕۆوە بارانبارین کۆتایى دێت و ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور.

کەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، پلەکانی گەرما ٢ تاوەکو ٥ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ .

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : ١٥

سلێمانی :١٣

دهۆک : ١٥

زاخۆ : ١٥

هەڵەبجە : ١٤

کەرکوک : ١٧

سۆران : ١٢

حاجی ئۆمەران : ٤

گەرمیان : ١٨













گەلەری