سەردێڕ:

ئەمڕۆ رۆژى جیهانى ئاوە؛ نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی رێژەی ئاوی خواردنەوە هۆشداری دەدات

PM:11:50:22/03/2024

1064 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ٢٢ـی ئازار؛ رۆژى جیهانى ئاوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، سەرچاوەکانى ئاو لەبەردەم مەترسییدان و گۆڕانکاریی گەورە بەسەر بڕى ئاوى خواردنەوەدا هاتووە، عێراق و هەرێمى کوردستانیش لەناو چەقى گۆڕانکارییەکانى ئاسایشى ئاودان.


٢٢ـی ئازار بە رۆژی جیهانی ئاو ناسراوە لە جیهاندا، بەهۆى گۆڕانى کەشوهەوا و زیادبوونى ژمارەى دانیشتوانییەوە تادێت گرنگى ئاو لە جیهاندا زیاتر دەبێت، بەتایبەتى لە نێو وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقادا و هەرێمى کوردستان و عێراقیش دەکەونە چەقى گۆڕانکارییەکانەوە.

ئاو هەر لە سەرەتاى ژیانى مرۆڤایەتییەوە سەرچاوەى مانەوە بووە و ٧٠٪ـی جەستەى مرۆڤ و ٧١٪ـی سەرزەویش لە ئاو پێکهاتووە، بەڵام تەنها ٣٪ـی ئەو ئاوە بۆ خواردنەوە شیاوە هاوکات لەگەڵ زیادبوونى ژمارەى دانیشتوانى جیهان پرسى ئاسایشی ئاو گرنگى زیاتر دەبێت.

نوێترین ئامارى نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەى ٧٨٥ ملیۆن کەس لە جیهاندا ئاوى پێویستى خواردنەوەیان پێناگات کە دەکاتە نزیکەى ٢٠٪ـی دانیشتوانى هەموو سەرزەوى.

رێکخراوى تەندروستى جیهانیش دەڵێت، ساڵانە ٨٢٩ هەزار کەس بەهۆى خواردنەوەى ئاوى پیسەوە گیان لەدەست دەدەن و پێشبینى ئەوەش دەکرێت لە ساڵى ٢٠٥٠ـدا کاریگەرى وشکەساڵى و بەبیابانبوون بگاتە لوتکە و دەستکەوتنى ئاوى پێویستى خواردنەوە هەڕەشەى گەورە لە مرۆڤایەتى دەکات ئەگەر چارەسەر نەکرێت.

عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە دەکەوێتە چەقى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواوە و زۆربەى سەرچاوەکانى ئاویشى لە وڵاتانى دراوسێدان و لە رێگەى بەنداوەوە کەمکراونەتەوە و هەرێمى کوردستانیش بە هەمان شێوە لەبەردەم تەحەداى گەورەى کەمبوونەوەى ئاودایە، ئەگەر لە رێگەى دروستکردنى بەنداو و رێکخستەوەى ئیدارەى ئاوەوە چارەسەر نەکرێت.













گەلەری