سەردێڕ:

روسیا؛ بەهۆی تەقینەوە و هێرشی چەکداری لە هۆڵێکدا ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا

PM:10:00:22/03/2024

4072 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان بەهۆی تەقینەوە و هێرشی چەکداریی لە هۆڵێکدا کە تایبەتە بە کۆنسێرتی مۆسیقا لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە لە نزیک مۆسکۆی پایتەختی روسیا ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات، شەش هەزار و ٢٠٠ کەسیش لە هۆڵەکەدا گیریان خواردووە.


میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، کاتژمێر ٩:٠٥ خولەکی ئەمشەو بەهۆی تەقینەوە و هێرشی چەکداریی بۆ سەر باڵەخانەی کرۆکۆسی بازرگانی کە تایبەتە بە کۆنسێرتی مۆسیقا لە نزیک مۆسکۆی پایتەخت زیاتر لە ١٠٠ کەس بریندار بوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، جگە لە برینداربوون بەهۆی هێرشەکەوە ٤٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، لە ئێستاشدا ٧٠ ئۆتۆمبیلی فریاگوزاری رەوانەی شوێنەکە کراوە و بە گوێرەی زانیارییەکانیش ئەگەری هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزببێتەوە.

لەلایەکی تریشەوە، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، کارەساتێکی خوێناوی لە سەنتەری بازرگانی کرۆکوس سیتی لە ناوچەی کراسنۆگۆرسیک لە مۆسکۆ روویداوە کە بەهۆیەوە دەیان کەس برینداربوون و چەند کەسێکیش گیانیان لەدەستداوە. وتیشی،" پێویستە بە خێرایی ئەنجامدەرانی تاوانەکە بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەندرێن".

هاوکات ئاندرێ ڤۆرۆبیۆڤ، پارێزگاری ناوچەی مۆسکۆ بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، پێنج کەسی دەمامکدار کە بە چەکی ئۆتۆماتیک تەقەیان لە ژن و منداڵ و پیاوانی بەشداربووی کۆنسێرتەکە کردووە لە ئەنجامدا بەشێک لە هۆڵەکە ئاگری گرتووە و تەقینەوە روویداوە. دەشڵێت، "لە ئێستادا سێ باڵەخانەی نزیک لە یەکتری سووتاون و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن".

لای خۆشییەوە، دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی روسیا رایگەیاند، هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ دەستگیرکردنی چەکدارەکان و پاراستنی هاوڵاتیانی روسیا دەگرنە بەر.


 













گەلەری