سەردێڕ:

کەسێک کە بڕی ٤٠ هەزار دۆلاری بە فێڵ لە هاوڵاتییەک وەرگرتبوو؛ دەستگیرکرا

PM:05:08:22/03/2024

9996 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی هەواری شار بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بەفێڵ بڕی ٤٠ هەزار دۆلاری لە هاوڵاتییەک سەندبوو.


ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە کەسێک فێڵی لێکردووە و بەپاساوی ئەوەی خۆی و خێزانەکەی دەبات بۆ دەرەوەی وڵات بڕی ٤٠ هەزار دۆلاری لێ سەندووە، دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تۆمەتبارەکە دوای ئەوەی پارەکەی لەو هاوڵاتیە وەرگرتووە؛ هەڵاتووە و خۆی ون کردووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەکان تیمەکانی پۆلیسی سلێمانی شوێنی تۆمەتبارەکەیان دۆزیوەتەوە و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین لە رانیە تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە.

باس لەوەش کراوە، لە لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار دانی بەوەدا ناوە کە بەو پارەیەی لەسکاڵاکاری وەرگرتووە، ئوتۆمبێلێک و دەمانچەیەکی پێ کڕیوە، لە ئێستاشدا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەست گیراوە بەسەر ئوتۆمبێل و دەمانچەکەدا لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی دیکە کە لە ٤٠ هەزار دۆلارەکە ماوەتەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، تۆمەتبار (س، ج، س) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.

May be an image of car

May be an image of money, phone and text














گەلەری