سەردێڕ:

ئاهەنگی نەورۆز لە زۆرینەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو

PM:07:46:20/03/2024

2128 جار خوێندراوەتەوە

لە زۆرینەى شار و شارۆچکەکان، هاوڵاتیان بەشدارى ئاهەنگى نەورۆزیان کرد و تێیدا بەخێرهاتنیان لە یەکەم رۆژی ساڵی ٢٧٢٤ـی کوردی کرد.


ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ـی ئادار هاوڵاتیان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە جلوبەرگی رەسەنی کوردییەوە پۆل پۆل کۆبوونەوە بۆ یادکردنەوەی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی.

وەک هێمایەک بۆ رۆژێکی نوێ لەم رۆژەدا، لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم گڵکۆکانیان داگیرساندا و ئاگری نەورۆزیان پێ کردەوە.

هەرچەندە ئاهەنگەکانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و کەشێکی باراناویدا بەڕێوەچوو، بەڵام هاوڵآتییان بە جلوبەرگی کوردییەوە پێشوازییان لێکرد، بیانییەکانیش هاوشێوەی کورد جلوبەرگی کوردیان پۆشی و بەشدارى ئاهەنگەکانیان کرد.

لە ئاکرێ بە بەرزکردنەوەى گەورەترین ئاڵاو بردنی هەزاران مەشخەڵی ئاگرین بۆ سەر لوتکەی چیای کەلێ پێشوازی لە ساڵی نوێ کرا، لە سلێمانیش لە گردی مامە یارە و چاڤی لاند، لەسەر قەڵای هەولێر و قەڵای کەرکوکیش، یادی نەورۆز کرایەوە و ئاگر کرایەوە.

نەورۆز جەژنێکی نەتەوەی کوردیە ، نەورۆزی ئەمساڵ هاوكاتە لەگەڵ هاتنی ساڵی ٢٧٢٤ـی کوردی کە دەکاتە یەکەم رۆژی وەرزی بەهار، کورد بەدرێژای مێژوو لەسەرجەم بارودۆخە جیاوازەکاندا ئاگری نەورۆزى کردووەتەوە و هیچ شتێک نەبووەتە رێگر لەبەردەم بەرز راگرتنی ئەو یادەدا.


 













گەلەری