سەردێڕ:

کەشناسی پێشبینیەکانی لەبارەی کەشی سبەینێوە خستە روو؛ بارانبارین بەردەوام دەبێت؟

PM:08:05:19/03/2024

28296 جار خوێندراوەتەوە

هەریەکە لە کەشناسی عێراق و هەرێم رایانگەیاند، سبەی چوارشەممە کاریگەری شەپۆلی بارانبارین لاواز دەبێت و تەنها لە چەند ناوچەیەک نمەباران دەبارێت و شەوى چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە بارانبارین بەتەواوی کۆتاىی دێت و ئاسمان هەر بە هەورى دەمێنێتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، عامر جابری بەڕێوەبەری دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، سبەی چوارشەممە ئەو شەپۆلی بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە کۆتایی دێت، تەنها لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نمە باران و بارانی مامناوەند بەردەوام دەبێت.

لای خۆشیەوە، ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سبەی چوارشەممە دۆخی کەشوهەوا جێگیرە و لە چەند ناوچەیەک بارانبارین بەردەوام دەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی کەمتر و نمە باران و بە گشتی ئاسمان هەور دەبێت.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە، کاریگەری شەپۆلی بارانبارین لە رۆژی چوارشەمەوە لاواز دەبێت و لە شەوى چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە بارانبارین کۆتاىی دێت و ئاسمان هەر بە هەورى دەمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، وەرزى بەهار جیاواز لە هەموو وەرزەکانى تر زۆرترین گۆڕانکارى دروست دەبێت لە شێوازى دابارین و گۆڕانکارى لە گۆڕانى ناوچەکە.

لە دوێنێ دووشەممەوە، شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە هەرێم کردووە و کەشناسی ئاماژەی بەوە کردبوو، بەهۆی زۆری بڕی بارانبارینەوە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە و هۆشداری ئەوەشی دایە هاوڵاتیان کە لەناوچە نزمەکان دوور بکەونەوە و ئۆتۆمبێل رانەگرن، چونکە ئەگەری دروستبوونی لافاو لەو ناوچانە زیاترە و بۆ دووربوون لە هەورەتریشقە، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکرێت و هاوڵاتیان لە کاتی بەکارهێنانی رێگە سەرەکییەکاندا هۆشیار بن و گەر زۆر پێویست نەبێت رێگەكان بەکارنەهێنرێن.
ئیحسان سابر - سلێمانی













گەلەری