سەردێڕ:

هۆشیار عەبدوڵا: پارتی ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردن نەکات چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێیان قبوڵ ناکات

PM:11:00:18/03/2024

4748 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، پارتی ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردن نەکات چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێیان قبوڵ ناکات و فشارەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوامە.


ئەمڕۆ دووشەممە، هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، پارتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەترسێت و پێی وایە ئەگەر هەڵبژاردن دوابخات ئەوا ئاڵۆزیی لە ناوچەکەدا دروست دەبێت و لە بەرژەوەندی خۆیاندا دەشکێتەوە.

جەختیشی لەوە کردەوە، پارتی ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردن نەکات، چونکە فشارەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامیان هەیە و لێیان قبووڵ ناکەن.

هۆشیار عەبدوڵا باسی لەوەش کرد، سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا کاریگەری دەبێت لەسەر سەقامگیری سیاسی لە عێراقدا و ئەگەری هەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیک بکاتەوە.

وتیشی،" پارتی و یەکێتی بە درێژایی مێژوو مووچەیان بەکارهێناوە بۆ سزای سیاسی و بۆ بەرتیلی سیاسی، هەموو ئەمانە بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی باوەڕی بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نەمێنێت، هەروەها لە دنیادا هیچ وەزارەتێک مووچە دابەش ناکات، چونکە دابەشکردنی مووچە ئەرکی بانکەکانە".

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستە روو، پارتی و یەکێتی رێککەوتنیان کردووە لەسەر پرۆژەی هەژماری من، خەڵکی هەرێمی کوردستان مافی خۆیانە بڕوایان بە هەژماری من نەبێت.

باسی لەوەش کردووە، "ئەگەر پارتی و یەکیتی دڵسۆزی هەرێمی کوردستان بوونایە دژایەتی جێگیرکردنی مووچەیان نەدەکرد، چونکە پێیان وایە کە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی هەیە بە مانەوەیانەوە."













گەلەری