سەردێڕ:

بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک؛ ئەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگانەی سلێمانی بایکۆتی کارەکانیان کرد

AM:09:05:18/03/2024

15560 جار خوێندراوەتەوە

بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک کارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی و خانەنشینی پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتی بانکی خانەنشینی دژی دواکەوتنی مووچەکانیان بۆ نزیکەی ٥٠ رۆژ؛ بایکۆتی کارەکانیان کردووە و هیچ مامەڵەیەکی هاوڵاتییان بەڕێناکەن.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، هاوشێوەی رۆژی رابردوو ئەمڕۆ هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتی بانکی خانەنشینی بەهۆی دواکەوتنی مووچە دەوامیان راگرتووە.

هاوکات، بۆ رۆژی دووەم پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی بایکۆتی کارەکانیان کرد و داوای دابەشکردنی مووچەکانیان دەکەن.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تیش باسی لەوەکرد، بەشێک لە کارمەندانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە تاوەکو ئێستا نەچوونەتەوە بۆ دەوام و ئاماژەیان بەوە کردووە، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان ناتوانن وەک پێویست بژێوی و پێداویستی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن.

باسی لەوەش کرد، تا ئێستا دیار نییە کە چەند بەڕێوەبەرایەتی دیکە هاوشێوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی رۆژی رابردوو دەوام رادەگرن، بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە بەشێکی فەرمانگەکان کەمترین کارمەند چووەتەوە سەر کارەکەی ئەوەش بەهۆی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان.

وتیشی، پێشبینی دەکرێت بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کەرتی تەندروستی لە دەوروبەری سەنتەری شاری سلێمانی و ناوەندەکانی خوێندن دەوام رابگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا، دادنوسی بەکرەجۆ، بنکەی تەندروستی سەروەری و چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکەی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ دژی پێنەدانی مووچەکانیان دەوامیان راگرت.

ماوەی هەفتەیەکە بەغدا پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووە و حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دەستی بەسەردا گرتووە و دابەشی ناکات.

مووچەخۆرانی هەرێم لە مانگی ٣ دان و ئەم مووچەیەی کە وەریدەگرن مووچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردوو دەبێت. ئەمەش بەو واتایە دێت، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە، کە مووچەی مانگی ١٠ی ساڵی رابردوو بووە و ماوەی نزیکەی ٥٠ رۆژیشە هیچ مووچەیەک بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشنەکراوە.


 













گەلەری