سەردێڕ:

ئومێد خۆشناو: مەترسییەکانی لافاو لە هەولێر کەم کراونەتەوە

PM:06:40:17/03/2024

976 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆى ئەو پڕۆژانەى پێش وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ و هەروەها ئەو پڕۆژانەی لە ماوەى ساڵانى رابردوودا لە پێناوى روونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى ئەنجامیان داوە، توانراوە لە شارى هەولێر مەترسیەکانى لافاو کەم بکرێنەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە دوای راپۆرتەکانی کەشناسی سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز لە چەند رۆژی داهاتوودا، بڕیاریان داوە سەرجەم تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس و تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بن بۆ روودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆى ئەو کار و پڕۆژانەى کە لە ماوەى ساڵانى رابردوودا و بەر لەوەرزى بارانبارینى ئەمساڵ لە پێناوى روونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى ئەنجامیان داوە، توانراوە لە شارى هەولێر مەترسیەکانى لافاو کەم بکرێنەوە.

ئەوەشی خستە روو، داوا لە هاوڵاتییان دەکەن هەماهەنگ و هاوکاری تیمەکان بن و پابەندی رێکار و رێنماییەکان بن، لەحاڵەتى بارانبارینى زۆر نزیکى رووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئاستی ئاویان بەرز دەبێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵانە لە وەرزی زستاندا بەهۆی بارانبارینەوە لە زۆرێک لە گەڕەکەکانی هەولێر لافاو دروست دەبێت و زیانێکی زۆر بەر هاوڵاتیان دەکەوێت،  کە لە ساڵانی رابردوودا بووە هۆی گیانلەدەستدانی چەند کەسێک و ماڵ و خانووی هاوڵاتیانی هەولێر زیانی پێگەیشت و ئاو چووە ماڵەکانیان و بەشێکیشیان تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە.













گەلەری