سەردێڕ:

لە دوو رووداوی هاتوچۆدا چوار کەس بریندار بوون

PM:03:20:17/03/2024

796 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، لە دوو رووداوی هاتوچۆی جیادا لە نزیک سەیدسادق چوار کەس بریندار بوون و برینی دووانیان سەختە.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستەڕوو، یەکێک لە رووداوەکان لە گوندی چەناخچیانی نێوان سەیدسادق و عەربەتدا بووە، کە ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رووداوی دووەم لە نزیک پردی ناوگردانی سەیدسادق بووە و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.

دەشڵێت، رووداوەکە لە جۆری پێکدادان بووە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلدا و لەو سێ کەسەی برینداربوون، برینی یەکێکیان سەختە و رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە نزیک گوندی کانی ماران لە سنووری کفری، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پیکاب وەرگەڕا و لەئەنجامدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستدا.
نزار کەریم، هەڵەبجە













گەلەری