سەردێڕ:

چۆن مانگی رەمەزان بکرێتە دەرفەتێک بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان؟

PM:03:56:16/03/2024

3480 جار خوێندراوەتەوە

مانگی ڕەمەزان دەرفەتێکی باشە بۆ دەستپێکردنی هەندێک خووی تەندروست و وازهێنان لە هەندێک خووی خراپ، لەوانەش جگەرەکێشان.


لە بابەتێکی ماڵپەڕی " webteb" دا باس لەوە دەکات یەکێک لە خووە دیارەکان کە دەتوانرێت لە مانگی رەمەزاندا وازیلێبهێنرێت جگەرەکێشانە، کە کاریگەریی زیانبەخشی لەسەر جەستە هەیە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردووە، جگەرەکێش لە مانگی رەمەزاندا بەزۆری لە ماوەی کاتژمێرەکانی رۆژوودا رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە دەبێتەوە، دیارترینیان بریتین لە کەمی تەرکیز، گرژبوونی بەردەوام، دەمارگیری، بێهێزی، جگە لە تێکچوونی خەو و زیادبوونی ئارەزووی خواردن کە هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە خووگرتنی جگەرە کێشانەوە هەیە.

جێگای باسە ئەم نیشانانە کە رۆژووەوانی جگەرەکێش رووبەڕووی دەبێتەوە بەزۆری لە یەکەم رۆژەکانی بەڕۆژووبووندایە،  وردە وردە لەگەڵ تێپەڕبوونی رۆژەکاندا نیشانەکان کەمدەبنەوە بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی نیکۆتین لە جەستەدا، لەم کاتەدا جگەرەکێش دەتوانێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان.

هەروەها ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکرێت کە لە مانگی رەمەزاندا هەوڵی وازهێنان لە جگەرەکێشان دەدەن خواردنی ڤیتامین A و ڤیتامینزیاد بکەن، هەروەها ئاوی پرتەقاڵ و سپێناخ و بیبەری سوور و برۆکلی و گێزەر و شووتی بخۆن، بۆ باشترکردنی لایەنی دەروونی و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە دژی نەخۆشییەکانی سییەکان و کۆئەندامی هەناسەدان.

باسیشیان لەوە کردووە رۆڵی خێزان زۆر گرنگە چونکە یارمەتیدەری جگەرەکێشە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان، لە رێگەی ڕزگارکردنی لە هەر فشارێک یان گرژییەکی دەمارگیری، هەروەها دابینکردنی کەشێکی باش و گونجاو بۆی کە یارمەتی دەدات واز لەم خووە بهێنێت.

لە کۆتاییدا کەسانی جگەرەکێش پێویستە ئەوە بزانن، کە پرۆسەی وازهێنان لە جگەرەکێشان ئاسان نییە و پێویستی بە ئارامگرتن و سووربوون لەسەر بڕیارەکەی هەیە، هەروەها پێویستە ئەو کەسە کاتێکی زیاتر بە خۆی بدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکان و ژیان و تەندروستیی خۆی.













گەلەری