سەردێڕ:

سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرۆک وەزیرانی یۆنان بە رێکەوت لە بۆردومانێکدا رزگاریان بوو

PM:12:34:07/03/2024

3412 جار خوێندراوەتەوە

لە بۆردومانێکی روسیادا بۆسەر شاری ئۆدیسای نزیک دەریای رەش، بە رێکەوت سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرۆک وەزیرانی یۆنان رزگاریان بوو.


میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، روسیا بۆردومانی شاری ئۆدیسای کردووە لەسەر دەریای رەش و لەو ساتەشدا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و کێریاکۆس مێتسوتاکیسی سەرۆک وەزیرانی یۆنان لە کۆبوونەوەدا بوون.

میدیاکان باس لەوەدەکەن، بۆردومانەکە بەتەواوی ١٥٢ مەتر لەو دوو سەرۆکەوە دوور بووە و بە رێکەوت رزگاریان بووە.

لەوبارەیەوە ماڵپەڕی واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوە کردووە، زیلینسکی و سەرۆک وەزیرانی یۆنان هیچ زیانێکی گیانیان بەرنەکەوتووە و توانیویانە رزگاریان ببێت. سەرەڕای ئەوەی دوو خولەک بەر لە بۆردوومانەکە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە، مێتسوتاکیس باسی لەوەکردووە، "گوێمان لە زەنگی ئاگادارکردنەوەکان بووە، بەڵام کاتمان نەبوو بۆ شوێنێکی پارێزراو هەڵبێین."

لەدوای رووداوەکە زیلینسکی باسی لەوەکردووە، "دەبینن ئێمە مامەڵە لەگەڵ کێدا دەکەین؟ ئەوان گرنگی نادەن بەوەی کوێ بۆردومان دەکەن، دەزانم ئەمڕۆ بریندار لە بۆردوومانەکاندا هەبوون، بەڵام هێشتا وردەکارییەکەی دیار نییە."

سەرۆکی ئۆکرانیا دەشڵێت، "ئەو هێرشانە دڵنیامان دەکەنەوە پێویستمان بەوەیە بەرگری لەخۆمان بکەین، باشترین رێگاش بوونی سیستمی بەرگری ئاسمانییە."

جەنگی روسیا و ئۆکرانیا

لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢دا و بە فەرمانی ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا بڕیاری هێرشکردنە سەر خاکی ئۆکرانیا درا، دوای ساڵێکیش، پوتین بەڵێنیدا جەنگەکە بەردەوام بێت تا روسیا بە ئامانجەکانی دەگات.

هۆکاری سەرهەڵدانی جەنگەکە چی بوو؟

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵگیرسانی ئەم جەنگە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، کاتێک لەو ساڵەدا (ڤیکتۆر یانوکوفیتچ) سەرۆکی ئەوکاتی ئۆکرانیا کە لە رووسیاوە نزیک بوو لە رێگەی خۆپیشاندانەوە لە پۆستەکەی لابرا.

ئەمەش بووە هۆی گۆڕانی ئاڕاستەی سیاسی ئۆکرانیا لە نزیکایەتی روسیاوە بۆ ئۆکرانیایەکی نزیک لە رۆژئاوا و ئەمریکا، لەو کاتەشدا روسیا ئەمریکای بە ئەنجامدانی کودەتا تۆمەتبارکرد و لە دوای ئەوەش، روسیا هێرشی کردە سەر نیمچە دوورگەی کریمیا کە دەکەوێتە ناو دەریای رەش و داگیریکرد.

دواتریش هاوکاری جوداخوازەکانی ناوچەی دۆنباسی کرد و بەهۆیەوە جەنگی ناوخۆ لە ئۆکرانیا هەڵگیرسا و حکومەتی ئۆکرانیا دەسەڵاتی بەسەر هەردوو هەرێمی "دۆنيتسک و لۆهانسک" نەما کە تا ئەمڕۆش ئەو دۆخە بەردەوامە.

داواکاری بە ئەندامبوون لە ناتۆ لەلایەن ئۆکرانیاوە

هۆکارێکی دیکەی هەڵگیرساندنی جەنگەکە ئەوەبوو، لەدوای ئاڵۆزییەکانی ساڵی ٢٠١٤، ئۆکرانیا بە فەرمی داوای کرد ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئەمەش روسیا بە مەترسی دەزانێت کە ئەمریکا و ئەوروپا لەڕێی ئۆکرانیاوە دەتوانن چالاکی زیاتر لە سنوری روسیا ئەنجام بدەن.













گەلەری