سەردێڕ:

بەهۆی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیز منداڵێکی حەوت ساڵ گیانی لەدەستدا

PM:03:36:04/03/2024

940 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بەهۆی نقومبوونی بەلەمێکی بچووکی کۆچبەران کە لە کەناراوەکانی فەڕەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتبوو، منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ گیانی لەدەستدا.


میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی بچووکی کۆچبەران بە ١٦ کۆچبەرەوە لە کەناراوەکانی دانکیخ لە باکوری فەڕەنسا وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە منداڵێکی حەوت ساڵ گیانی لەدەستداوە.

بەرپرسانی وڵاتەکەش ئاماژەیان بەوە کردووە، بەلەمەکە لە ئاست ئەو ژمارەیەی کۆچبەراندا نەبووە کە تێیدا بوون بەوهۆیەوە وەرگەڕاوە و سەرجەم کۆچبەرەکان کەوتوونەتە ناو ئاوەکەوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، رۆژی ٢٨ـی مانگی شوبات سێ کۆچبەر لەکاتی پەڕینەوە بە کەناڵی ئینگلیزدا پاش ئەوەی بەلەمەکەیان کێشەی بۆ دروست بوو گیانیان لەدەستدا و ٢٤٩ کەسیش رزگار کران.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لەمساڵدا زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە خاکی بەریتانیا.

رۆژی ٢٣ـی مانگی شوباتی ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی باندەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ رێکەوتنێکیان لەگەڵ دەزگای پاسەوانی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپا واژۆ کردووە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش، لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٢٩ هەزار و ٤٠٠ کۆچبەر لە کەناراوەکانی فەڕەنساوە بە رێگەی قاچاخ پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، هەروەها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٤٥ هەزار و ٧٠٠ کۆچبەر بەهەمانشێوە چوونەتە خاکی بەریتانیا.













گەلەری