سەردێڕ:

سێنتکۆم: ژێرئاوکەوتنی کەشتییە بەریتانییەکە مەترسی ژینگەیی لە دەریای سوردا دروست دەکات

PM:12:58:03/03/2024

1276 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، پاش نزیکەی دوو هەفتە لە بۆردوومانکردنی کەشتییەکی بارهەڵگری بەریتانی لەلایەن گروپەچەکدارەکانی یەمەنەوە لە کەنداوی عەدەن؛ کەشتییەکە ژێرئاو کەوتووە. دەشڵێت، " ژێرئاوکەوتنی ئەو کەشتییە مەترسی ژینگەیی لە دەریای سوردا دروست دەکات".


ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا "سێنتکۆم" ژێرئاوکەوتنی کەشتی بارهەڵگری "روبیمار"ـی بەریتانی لە کەنداوی عەدەن پشڕاستکردەوە کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی یەمەنەوە بۆردوومان کرابوو.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی کەشتییەکە نزیکەی ٢١ هەزار تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدا بووە، لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ئەو ماددەیە مەترسی ژینگەیی لە دەریای سوردا دروست دەکات.

باسی لەوەش کرد، جگە لە مەترسی ژینگەیی کاریگەری لەسەر کەشتییەکانی دیکەش دەبێت.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، رۆژی ٢ـی ئەم مانگە حکومەتی یەمەن رایگەیاند، لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەئامانجگرتنی کەشتییەکانی دەریای سور، کەشتی بارهەڵگری "روبیمار"ـی بەریتانی لە کەنداوی عەدەن ژێر ئاو کەوت.

هاوکات، ئەوە یەکەم کەشتییە کە لەلایەن گروپەچەکدارەکانى یەمەنەوە نوقم کرابێت، لەو کاتەوەی گروپەکە دەستیان کرد بە بەئامانجگرتنی کەشتییەکانی دەریای سوور.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ربردوودا، هێرشی گروپەچەکدارەکانی یەمەن بۆسەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان دەستیپێکرد لە دەریای سووردا، بەهۆیەوە دۆخی دەریاکە ئاڵۆز بوو، ئەوەش وای کردووە جموجۆڵی بازرگانی کەم بکاتەوە.

دەریای سوور بە رێرەوێکی گرنگی بازرگانی جیهان دادەنرێت کە ١٢٪ بازرگانی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وای کردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە توندی دژی چالاکی گروپەچەکدارە لەیاسادەرچووەکانی یەمەن بووەستنەوە.













گەلەری