سەردێڕ:

خۆپیشاندانی مووچەخۆران لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکردەوە

AM:10:23:02/03/2024

2740 جار خوێندراوەتەوە

لە هەریەک لە سلێمانی و هەڵەبجە خۆپیشاندانی مووچەخۆران بۆ پشتیوانیکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بەڕێوە دەچێت.


ئەمڕۆ شەممە، بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لە سلێمانی و هەڵەبجە بۆ پشتیوانیکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

ئەو مووچەخۆرانە رایانگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەر هیچ متمانەیەکی نەماوە و ناشیانەوێت لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە مووچەکانیان وەربگرن. دەشڵێن، "نامانەوێت لەلایەن بانکەکانی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە مووچەکانمان وەربگرین".

لەلایەکی تریشەوە بەشێک لە مامۆستایانی شاری سلێمانی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوای شارەکە بە ئێن ئاڕ تیان راگەیاند، داواکارن کە مووچەکانیان لە ناکۆکیە سیاسیەکان جیابکرێتەوە و لەوە زیاتر حکومەتی کاربەڕێکەر بەربەرست لەبەردەم دابەشکردنی مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە دروستنەکات.

ئاماژەیان بەوەش کرد، حکومەتی کاربەڕێکەر سەرەڕای ئەوەی داهاتی نەوتی و ناوخۆشی لەبەردەستدابووە، بەڵام سێ مووچەی ساڵی رابردوویان دابەشنکەردووە و ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی هیچ متمانەیەک بە حکومەتی کاربەڕیکەر نەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، سەرەڕای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاریدا کە هەرێم پابەند بێت بە مەرجەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵام حکومەتی کاربەرێکەر بە بڕیارى مەسرور بارزانى و ئاگاداریی قوباد تاڵەبانى بڕیاریدا لیستى مووچەى مانگى دوو رەوانەى بەغدا نەکات و وەزارەتى دارایی عێراقیش داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات کێشەکە چارەسەر بکات.


 













گەلەری