سەردێڕ:

بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان؛ هەشت کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

PM:10:43:28/02/2024

1192 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی مەغریب رایانگەیاند، لە دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا، تەرمی هەشت کۆچبەریان دۆزیووەتەوە و نۆ کۆچبەری دیکەشیان رزگار کردووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی مەغریب رایانگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا لەکاتی هەوڵدانی بۆ پەڕینەوە بۆ ئەوروپا بەهۆی خراپی کەشوهەواوە ژێرئاو کەوتووە.

ئاماژەیان بەوەش کرد، لەدوای ژێرئاوکەوتنی ئەو بەلەمە، تەرمی هەشت کۆچبەریان دەرهێناوە و توانیویانە نۆ کۆچبەر رزگار بکەن و چەند کۆچبەرێکیش بێسەروشوێنن و بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەیان.

هەفتەی رابردوو، هێزی دەریایی مەغریب رایگەیاند، ١٤١ کۆچبەری نایاساییان رزگار کردووە دوای ئەوەی لە دووری ٢٧٤ کیلۆمەتر لە شاری داخلەوە بەلەمەکەیان رووبەرووی ئاستەنگی بووەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە رۆژی ٢٣ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، وەزارەتی ناوخۆی مەغریب رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ٧٥ هەزار و ١٨٤ هەوڵی کۆچکردنی نایاساییان پوچەڵ کردووەتەوە.













گەلەری