سەردێڕ:

دوو ساڵ بەسەر جەنگی روسیا و ئۆکرانیا تێپەڕی؛ لێکەوتەکانی دوای جەنگەکە چی بوون؟

AM:10:01:24/02/2024

1864 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی ٢٢ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا گەیشتە لوتکە، کە ئەمەش بەهۆی بڕیارێکی ڤلادمێر پۆتین سەرۆکی روسیاوە بوو بۆ پاککردنەوەی خاکی ئۆکرانیا لە پاشماوەی نازییەکان، ئەوەش تەشەنەی سەند بۆ جەنگ کە بەهۆیەوە نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون و چوار ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.


ئەمڕۆ شەمممە، لە دووەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی جەنگی روسیا لەگەڵ ئۆکرانیا، ڤلۆدێمێر زیلنسکی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، جەنگەکەیان لەگەڵ روسیا بەردەوامی دەبێت، پێوسیتیان بە هاوکاری زیاتریی کۆنگرێسی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانانە.

شەوی رابردوو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەڵینیان بە ئۆکرانیا داوە و هاوکاری ئۆکرانیا دەبن و لە نزیکترین کاتدا هاوکاری زیاتر دەنێرنە ئۆکرانیا، پێشتریش رایگەیاندبوو کە بە بڕی ٦٠ ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن.

یەکەم هۆکاری سەرهەڵدانی جەنگەکە داواکارییەکی ئۆکرانیا بوو بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ

لەدوای ئاڵۆزییەکانی ساڵی ٢٠١٤، ئۆکرانیا بە فەرمی داوای کرد ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئەمەش روسیا بە مەترسی دەزانی، بەوپێیەی کە حکومەتی روسیا باسی لەوەکرد، ئەمریکا و ئەوروپا لەڕێی ئۆکرانیاوە دەتوانن چالاکی زیاتر لە سنووری روسیا ئەنجام بدەن و بە ئاسانی بگەنە خاکی روسیاوە، بۆیە داوای رەتکردنەوەی داواکارییەکەی ئۆکرانیای کرد.

هۆکارەکانی دیکەی سەرهەڵدانی جەنگەکە چی بوون؟

یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە کە دوای هەشت ساڵ بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە، کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، کاتێک لەو ساڵەدا ڤیکتۆر یانوکوفیتچ سەرۆکی ئەوکاتی ئۆکرانیا لە رووسیاوە نزیک بوو لە رێگەی خۆپیشاندانەوە لە پۆستەکەی لابرا.

ئەمەش بووە هۆی گۆڕانی ئاڕاستەی سیاسی ئۆکرانیا لە نزیکایەتی روسیاوە بۆ ئۆکرانیایەکی نزیک لە رۆژئاوا و ئەمریکا، لەو کاتەشدا روسیا ئەمریکای بە ئەنجامدانی کودەتا تۆمەتبار کرد و لە دوای ئەوەش، روسیا هێرشی کردە سەر نیمچە دوورگەی کریمیا کە دەکەوێتە ناو دەریای رەش و داگیریکرد.

دواتریش هاوکاری جوداخوازەکانی ناوچەی دۆنباسی کرد و بەهۆیەوە جەنگی ناوخۆ لە ئۆکرانیا هەڵگیرسا و حکومەتی ئۆکرانیا دەسەڵاتی بەسەر هەردوو هەرێمی "دۆنيتسک و لۆهانسک" نەما کە تا ئەمڕۆش ئەو دۆخە بەردەوامە.

زیانە گیانی و ماددییەکانی هەردوو وڵات

بە گوێرەی ئاماری ناوەندەکانی تۆماری ئەروپا لە ماوەی دوو ساڵیجەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، نزیکەی نیو ملیۆن سەرباز و کەسی سیڤیل گیانیان لەدەستداوە کە لە سوپای روسیادا ٢٠٠ هەزار کوژراو و بریندار و لە سوپای ئۆکرانیاش ٧٠ هەزار سەرباز کوژراون و ١٨٠ هەزاری دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی چاوگە رۆژئاواییەکان، لەو ژمارەیە نزیکەی ٤٠ هەزار کەسیان مەدەنی بوون و گیانیان لەدەستداوە و بڕی ١٥٢ ملیار دۆلار زیان بەر ئۆکرانیا کەوتووە و لەو بڕەش بە بەهای ٣٤.١ ملیار دۆلار زیان بەر کەرتی کشتوکاڵ کەوتووە و زیاتر لە ٣٠٪ی خاکی وڵاتەکەی مینڕێژ کراوە، بە گوێرەی ئامارەکانیش بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی ئۆکرانیا ئەو وڵاتە پێویستی بە ٥٠٠ ملیار دۆلارە.

لە ئێستاشدا چوار ملیۆن کەس ئاوارەبوون و زیاتر لە هەشت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسی دیکەش لە بارودۆخێکی قورسدا دەژین و دەستڕاگەیشتنیان بۆ خۆراک کەمە ئەوەش مەترسی دروستکردووە بۆ ئاساشی خۆراکی دانیشتوانی ئۆکرانیا و ناوچە سنوورییەکانی روسیاش کە هاوسنوورە لەگەڵ ناوچەکانی جەنگ.

جەنگەکە بە کوێ دەگات؟

لە ئێستادا ئۆکرانیا زیانێکی زۆری گیانی و ئابووری و کشتوکاڵی بەرکەوتووە و زیانێکی زۆر بە ژێرخانی سەربازی وڵاتەکە گەیشتووە و ئەو چەک و کەرەستانەی شەڕ کە دەستیدەکەوێت وڵاتانی رۆژئاوا بۆی دابیندەکەن. ڤۆلۆدمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بەردەوام لە لێدوانەکانیدا داوای رادەستکردنی بەپەلەی چەک دەکات بۆ سوپای ئۆکرانیا.

روسیا کە دووەم وڵاتی زلهێزی جیهانە لە رووی تەکنەلۆژیایی سەبازییەوە و تواناکانی لێکەوتەی بۆسەر سیستمی جیهانی و ئۆکرانیا و ناوخۆی روسیاش هەیە. راپۆرتە جیهانییەکان باس لەوەدەکەن، بردنەوەی روسیا لە جەنگەکەدا هاوسەنگی سیستمی جیهانی دەگۆڕێت و روسیا دەتوانێت هەژموونی زیاتری خۆی بەسەر جیهاندا بسەپێنێت، ئەوە روسیا دەستکراوەتر دەکات و هاوشێوەی جەنگی سارد جیهان بەسەر دوو جەمسەردا دابەش دەکاتەوە، ئەمریکا و وڵاتانی بەشداربووی ناتۆش ترسیان لەوە هەیە کە روسیا جەنگەکە بباتەوە چونکە، دەبێت بۆ ساڵانی داهاتوو جیهان قبوڵی هەژموونی سەربازی و بڕیارەکانی روسیا بکەن.

لە ئێستاشدا دەرەنجام و داهاتووی جەنگەکە و جیهانیش دەکەوێتە سەر روسیا و بەتیابەتیش بردنەوەی لە جەنگەکە.

هەر لە سەرەتای جەنگەوە ئەوروپا و ئەمریکا سزای ئابووریان بەسەر روسیادا سەپاندووە و لە بەرامبەریشدا روسیا قەیرانی وزەی لە ئەوروپا فراوانترکردووە و ئاراستەی جەنگەکەش بەرەو قەیرانی زیاتری وزە و دانەوێڵە دەچێت.













گەلەری