سەردێڕ:

بەریتانیا بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی رێککەوتنێکی نوێی واژۆ کرد

PM:06:21:23/02/2024

1808 جار خوێندراوەتەوە

لە دوایین هەنگاویدا بۆ کارکردنی هاوبەش لە رووبەڕوبوونەوەی کۆچی نایاسایی؛ بەریتانیا رێکكەوتنێکی لەگەڵ دەزگای پاسەوانی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپا واژۆ کرد.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی باندەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ رێکەوتنێکیان لەگەڵ دەزگای پاسەوانی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپا واژۆ کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنەکە بە چەند ئامانجێک واژۆکراوە ئەوانیش ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری لەنێوان هێزە کەنارییەکانی ئەوروپا و هێزی سنووری بەریتانیا، هاوکاری پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای نوێ وەک جێگیرکردنی چاودێری ئاسمانی و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ پاراستنی سنوورەکان.

باسی لەوەش کرد، جگە لەوانەش ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و شارەزایی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی سنوورەکان لەنێوان هەردوولا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کەمکردنەوە و کۆتاییهێنان بە کۆچی نایاسایی لە فەڕەنسا و لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە کردووەتە کاری لەپێشینەی حکومەتەکەی.

هاوکات بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە بەلەمی تێکشکاو گەیشتونەتە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکە، بە رێژەی ٤٦٪ کەمیکردووە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی کە ٤٥ هەزار کۆچبەر روویان لەو وڵاتە کرد.













گەلەری