سەردێڕ:

بەریتانیا سزای نوێی بەسەر روسیادا سەپاند

PM:11:07:22/02/2024

1500 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، ٥٠ سزای نوێیان بەسەر روسیادا سەپاندوە کە رێگری لە سەرۆکی روسیا دەکات لە بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانەی لە پارەدارکردنی جەنگەکەی بەکاری دێنێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەیڤد کامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، فشارە ئابورییە نێودەوڵەتییەکانیان بەکار دەهێنن بە ئامانجی ئەوەی روسیا ئەو داگیرکارییە نایاساییانەی بۆ نەچێتەسەر کە بەرامبەر ئۆکرانیا ئەنجامیان دەدات.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە رێگەی سزاکانەوە ئەو سەرچاوانەی کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا پشتی پێ دەبەستێت بۆ پارەدارکردنی جەنگەکەی لە دژی ئۆکرانیا بلۆک دەکرێن. وتیشی، " سزاکە ئەو کەس و کۆمپانیایانەش دەگرێتەوە کە کەلوپەلی سەربازیی بەرهەمدەهێنن و بۆ روسیای دەنێرن".

ئەوەشی خستە روو، لە پشتیوانی کردنی ئۆکرانیا بەردەوام دەبن بەئامانجی بەرەنگاربوونەوەی دژی لەشکرکێشییەکانی روسیا.

هاوکات، بڕیارە رۆژی ٢٤ـی ئەم مانگە دەیڤد کامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەردانی نیویۆرک بکات بە مەبەستی بەشداریکردن لە دانیشتنی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئۆکرانیا و لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەشی کۆببێتەوە.

لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢دا و بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا بڕیاری هێرشکردنە سەر خاکی ئۆکرانیا درا و بەهۆیەوە هەزاران سەرباز لە هەردوو لا گیانیان لە دەستدا و هەزاران سەربازی دیکەش برینداربوون.

لە ئێستاشدا دوای دوو رۆژی دیکە جەنگەکە پێ دەنێتە دوو ساڵەی بەردەوام بوونییەوە و هیواکان بۆ کۆتایی هاتنی جەنگەکە کەم بوونەتەوە، لە نوێترین لێدوانیدا لە بارەی دانوستانەوە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا بوەستێت لە ناردنی هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکرانیا کۆتایی بە جەنگەکەیان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەهێنن.













گەلەری