سەردێڕ:

بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان؛ ئەرکەکانی هێزی دەریایی یەکێتی ئەوروپا دەستیپێکرد

PM:03:48:19/02/2024

1324 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی لە مانگی رابردوودا یەکێتی ئەوروپا رەوانەکردنی هێزی دەریایی بۆ ناو دەریای سور راگەیاند بە ئامانجی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان ئەمڕۆ ١٩ـی شوبات هێزە دەریاییەکە دەستی کرد بە جێبەجێ کردنی ئەرکەکەی.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، بەسەرکەوتووی هێزی دەریایی یەکێتی ئەوروپا لە دەریای سوردا جێگیر بوو کە ئەرکەکەی بریتییە لە پاراستنی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بەنێو دەریای سوردا تێپەڕ دەبن لەبەرامبەر هێرشی گروپە چەکدارەکانی یەمەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە دەریاییەکە ئەرکەکەی خۆی لەدەریای سوردا بە ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی ئاسپیدس" دەستپێکردووە.

باسی لەوەش کرد، یەکێتی ئەوروپا شانبەشانی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان دڵنیایی تەواو دەدات لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بە دەریای سوردا تێپەڕ دەبن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٢ـی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دیپۆلۆماتکارێکی ئەوروپی بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاند، یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی دەستیکردووە بە ناردنی هێزێکی دەریایی بۆ دەریای سوور بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی یەمەن.

باسی لەوەش کرد، ئەو هێزە کەشتی سەربازی و فڕۆکەی ئاگادار کردنەوە لە هێرشی پێش وەختە لەخۆدەگرێت کە ئەرکیان ئاگادار کردنەوە و بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەیە کە ئاڕاستەی کەشتییە بازرگانییەکان دەکرێت.

هێزە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی یەمەن، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا دەستیان بە چالاکییەکانیان کرد، سەرەتا بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سور، دواتر بوونە مەترسی بۆسەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای سوردا.

ئەو هێرشانەش کاریگەری خراپیان لەسەر هاتوچۆی کەشتیوانی لەو ناوچەیە ستراتیژییەدا دروستکردووە کە ١٢٪ـی بازرگانی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.













گەلەری