جارێکی دیکە خۆپیشاندانی بەشێک لە خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە قەلادزێ دەستیپێکردەوە و داوای کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن و درێژکردنەوەی ماوەی خوێندنی ئەمساڵ دەکەن.
خوێندکارانی پۆلی ١٢ ئاماژە بەوە دەکەن، تەنها بەشێکیان لە وانەکان خوێندووە و ئەگەر ماوەی خوێندنیان بۆ درێژ نەکەنەوە ناتوانن بەو ماوە کەمە ئەو بەشەی خوێندن کە ماوە تەواوی بکەن.
باسیان لەوەش
کرد، ناکرێت یەک ساڵی خوێندن بۆ دوو مانگ کورت بکرێتەوە و لە وادەی خۆشیدا خوێندنی
ئەمساڵ کۆتایی پێ بێت و داغڵی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی بن.
ئەوەش لەکاتێکدایە،
ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە لەسەر یەک خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران و
خوێندکاران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچە و راگرتنی
پلەبەرزکردنەوە و نەبوونی دامەزراندن بەردەوامە. دەشڵێن، "پێویستە حکومەتی کاربەرێکەر
بێباکی خۆی بشکێنێت بەرامبەرمان، نەوەک تەنها بێباکیان بەرامبەر بە هێزەکانی خۆیان
بشكێنن".
بەوهۆیەشەوە، لە
چەندین ناوچە تاوەکو ئێستا دەست بە پرۆسەی خوێندن نەکراوەتەوە و لە هەندێک ناوچەش
تەنها ماوەی چوار هەفتەیە پۆلی ١٢ و ٩ دەستیان بە خوێندنی وانەکانیان کردووە، کە وەک
خوێندکاران باسی دەکەن، لە یەک وانەدا سێ بۆ چوار بابەتیان بۆ باسدەکرێت و فریای تێگەیشتن
لە بابەتەکان ناکەون. جگە لەوەی ئەو دوو پۆلە تاقیکردنەوەی نیشتیمانیان هەیە.