سەردێڕ:

زیاتر لە پێنج مانگە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوامە

AM:10:38:18/02/2024

1212 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە لەسەر یەک خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوە و نەبوونی دامەزراندن لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەردەوامە. دەشڵێن، "پێویستە حکومەتی کاربەرێکەر بێباکی خۆی بشکێنێت بەرامبەرمان، نەوەک تەنها بێباکیان بەرامبەر بە هێزەکانی خۆیان بشكێنن".


ئەمڕۆ یەکشەممە، جارێکی دیکە دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ داواکردنی مافەکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین و کۆیە دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە.

ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە ئاماژە بەوەدەکەن، سوورن لەسەر داواکارییەکانیان کە بریتین لە پێدانی مووچە و پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی. لەکاتێکدا مامۆستایان و فەرمانبەران لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدان و شەش رۆژە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک هێنراوە. ئەوە جگە لەوەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوویان بە بێچارەنووسی ماوەتەوە.

دەشڵێن، " نازانین لەوە زیاتر چیبڵێێن بەرامبەر بەو دەسەڵاتە بێباکە کە نە باکی بە پەروەردە هەیە نە بە مووچەخۆرەکانی داواکارین کە ئێمە چۆن داوای مافەکانمان دەکەین ئاوڕمان لێبدەنەوە، چونکە داواکاریەکانمان بە شێوەیەکی نەرم بووە تا ئێستا و لەوەش زیاتر زوڵم و ستەمکردن لە مامۆستایان و هاوڵاتیان جێگەی قبوڵکردن نییە".

ماوەی زیاترلە پێنج مانگە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەردەوامە و لە چەندین ناوچە تاوەکو ئێستا دەست بە پرۆسەی خوێندن نەکراوەتەوە و لە هەندێک ناوچەش تەنها ماوەی چوار هەفتەیە پۆلی ١٢ و ٩ دەستیان بە خوێندنی وانەکانیان کردووە، کە وەک خوێندکاران باسی دەکەن، لە یەک وانەدا سێ بۆ چوار بابەتیان بۆ باسدەکرێت و فریای تێگەیشتن لە بابەتەکان ناکەون. جگە لەوەی ئەو دوو پۆلە تاقیکردنەوەی نیشتیمانیان هەیە.













گەلەری