سەردێڕ:

ئەڵمانیا هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت

PM:08:39:17/02/2024

1332 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، بە بەهای یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ هاوکاری سەربازییان بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە کە خۆی لە گوللـە تۆپ و هاوەن و سیستەمی بەرگری و مووشەکی دژە فڕۆکە دەبینێتەوە.


ئەمڕۆ شەممە، بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، دوای واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان ئەڵمانیا و ئۆکرانیا، رەزامەندییان دەربڕیووە لەسەر هاوکاری کردنی ئۆکرانیا بە بەهای یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ.

ئاماژەی بەوەش کرد، هاوکارییەکان بریتین لە گوللـە تۆپ و تۆپخانە و هاوەن و دوو سیستەمی بەرگریی جۆری سکای ئێکس لەگەڵ ١٠٠ مووشەکی دژە فڕۆکە.

لای خۆیەوە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوە کرد، هیوادارن جەنگ بە زووترین کات کۆتایی بێت، بەڵام روسیا ئامادە نیە بۆ پێکهێنانی ئاشتی و کۆتایی هێنان بە جەنگ.

هەروەها، هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا پلانیان هەیە دوای جەنگ پشتگیری ئۆکرانیا بکەن بۆ دامەزراندنی سوپایەکی مۆدێرن تاوەکو توانای بەرپەچدانەوەی ئەگەری هێرشەکانی داهاتووی روسیای هەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند مانگێکە ئۆکرانیا چاوەڕێی دەنگدانی کۆنگرێس دەکات لەسەر هاوکارییەکان بە بڕی نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار کە لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری لەسەر دراوە.

ماوەی دوو ساڵە جەنگ لەنێوان روسیا و ئۆکرانیا دروست بووە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە لە هەردوولا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.













گەلەری