سەردێڕ:

لە کەناراوەکانی تونس نۆ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

PM:11:21:15/02/2024

1020 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی پاسەوانی نیشتیمانی تونس رایگەیاند، لە ئەنجامی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە شارۆچکەی زەرزیس لە باشووری کەناراوەکانی تونس نۆ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و ٤٤ کۆچبەری دیکەشیان رزگار کراون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، حوسامەدین جەبابلین بەرپرسی پاسەوانی نیشتیمانی تونس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران بە ٥٣ کۆچبەرەوە لە شارۆچکەی زەرزیس لە باشووری کەناراوەکانی تونس نقوم بووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمەکانیان تەرمی نۆ کۆچبەریان دەرهێناوەتەوە و ٤٤ کۆچبەری دیکەشیان رزگار کردووە کە دۆخی تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە.

بە پێی بڵاوکراوەی پاسەوانی نیشتیمانی کەناراوەکانی تونس تا مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، توانیویانە ٦٩ هەزار و ٩٦٣ کۆچبەر دەستگیر بکەن کە دەیانویست لە رێگەی کەناراوەکانی تونسەوە بگەن بە وڵاتانی ئەوروپا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە دوو هەزار و ٢٧٠ کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئەوروپا بە شێوەیەکی نایاسایی لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە، رێژەکەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، ٦٠٪ زیادیکردووە.

تونس هاوشانی لیبیا، خاڵی دەستپێکی سەرەکییە بۆ هەزاران کۆچبەر کە دەیانەوێت بگەنە وڵاتانی ئەوروپا.













گەلەری