سەردێڕ:

لە باکوری کوردستان سێ ڕۆژە ٩ کرێکار بەهۆی داڕمانی کانێکی زێڕەوە گیریان خواردووە

AM:09:41:15/02/2024

6188 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی داڕمانی کانێکی زێڕەوە لە سنووری ئەرزینجانی باکوری کوردستان ماوەی سێ ڕۆژە نۆ کرێکار گیریان خواردووە و تا ئێستاش بەهۆی سەختی ناوچەکەوە نەتوانراوە بدۆزرێنەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بە ئاژانسی وڵاتەکەی راگەیاند، لە ناوچەی ئەرزینجانی باکوری کوردستان بەهۆی تەقینەوەی بۆرییەکی گواستنەوە لە ناو کانێکدا کە یەکێک بووە لە گەورەترین کانە زێڕەکانی جیهان کانەکە داڕما.

ئاماژەی بەوەش کرد، کانە زێڕەکە دەکەوێتە شارۆچکەی ئیلیچی سەر بە پارێزگای ئەرزینجانی باکووری کوردستان و لە کاتی داڕمانیدا نۆ کرێکار گیریان خواردووە کە ناسنامەی حەوت لە کرێکارەکان ئاشکراکراوە. دەشڵێت، "بەهۆی لێچوونی غازەوە کە ٢٣ ماددەی تایبەتە بە کانی زێڕ، پرۆسەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا هێواشتر بووە".

هاوکات لای خۆشیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، تەواوی هەوڵەکانیان دەدەن لەپێناو رزگارکردی ئەو ٩ کەسەی کە گیریان خواردووە و بۆ ئەو مەبەستەش سێ کۆمپانیای بیانی راسپێردراون لەگەڵ تیمەکانی فریاگوزاری بۆ گەڕان.

بە نزیکەیی ٨٥٠ کارمەندی پسپۆڕ و شارەزا بە ٦٢٦ ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆری فرەمەبەست و ٣٣ ئامێر و شەش درۆن و سێ گەرمی پێوی و رادار بەردەوامن لە هەوڵی گەڕان، بەڵام جگە لە غاز، دۆخی کەشوهەواش ئاستەنگی بۆ تیمەکان دروستکردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی تەقینی بۆرییەکە و داڕمانی کانەکە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا حەوت بەرپرسی ئەو کۆمپانیایەی خاوەنی کانەکەن، دەستبەسەر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئەوەش یەکەمجارە کانە زێڕەکانی ئەو ناوچەیە بەو جۆرە دابڕمێن.













گەلەری