سەردێڕ:

تەندروستی جیهانی: سودان رووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون بووەتەوە

PM:08:28:13/02/2024

924 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، لە ئێستادا سودان رووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون بووەتەوە لە جیهاندا، بەو پێیەی ٢٥ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە و ١٨ ملیۆن کەس بە دەست برسێتییەوە دەناڵێنن.


ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، قەیرانێکی مرۆیی و تەندروستی گەورە بە رێژەیەکی مەترسیدار رووی لە سودان کردووە، بەوپێیەی خەڵکی مەدەنی بە کۆمەڵ ئاوارە دەبن و زۆر جار ناچارن چەند جارێک هەڵبێن بەهۆی نەبوونی سەقامگیرییەوە لە هیچ ناوچەیەک.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ٢٥ ملیۆن کەس لە سودان پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە، هەروەها ١٨ ملیۆن کەس بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن و لەنێویاندا پێنج ملیۆن کەس گەیشتوونەتە ئاستی مەترسیدار لە برسێتی.

ئەوەشی خستە روو، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ تەنها لە دارفور ٢٠٠ هەزار منداڵ تووشی برسێتی ببن و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ببێت، بەهۆی تووش بوون بە نەخۆشییەکانی سکچوون و سورێژە وهەوکردنی سییەکان.

لە ١٥ـی نیسانی ساڵی رابردووەوە پێکدادان لە ناوچە جیاجیاکانی سودان لە نێوان هێزەکانی سوپا بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەقڵۆ دروست بووە، تاوەکو ئێستا بەردەوامە و بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی لێکەوتووەتەوە.













گەلەری