سەردێڕ:

ناسا وێستگەیەکی ئەتۆم لەسەر مانگ دروست دەکات

AM:08:52:12/02/2024

1544 جار خوێندراوەتەوە

لە دوایین هەنگاویدا دەزگای بۆشایی ئاسمان ناسراو بە ناسا لە پلانیدایە وێستگەیەکی بچوکی ئەتۆم بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لەسەر رووی مانگ جێگیر بکات، ئەگەر ئەو ئەزمونەش سەرکەوتوو بێت دواتر لەسەر هەسارەی مەریخ جێبەجێ دەکرێت.


ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی ناسراو بە ناسا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پڕۆگرامی (ئاڕتێمیس) وێستگەیەکی بچوکی ئەتۆم لەسەر رووی مانگ جێگیر دەکات و بەهۆیەوە وزەی کارەبا بەرهەم دەهێنێت.

ناسا مەبەستییەتی وێستگە ئەتۆمییەکە هەموو هەلومەرجە پێویستەکانی بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ تیایدا رەچاو کرابێت و لانی کەم بۆ ماوەی ١٠ ساڵ وزەی کارەبا بەرهەم بهێنێت بەبێ دەستوەردانی مرۆڤ.

لای خۆشییەوە، ترودی کۆرتێس بەڕێوەبەری دەزگای ناسا ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە سەرەتا سەرچاوەیەکی وزەی ئەتۆمی لەسەر مانگ تاقیبکرێتەوە تاوەکو دڵنیا بن لەوەی سەرچاوەکە هیچ زیانێکی نییە و بژاردەیەکی سەلامەت و جێی متمانەیە.

بۆچی پشتبەستن بە وزەی خۆر لەو پڕۆژەیەدا کاریگەر نابێت؟

بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی وزەی ئەتۆمی ئەگەری مانەوە و کارکردنی زیاترە بۆ دابینکردنی وزە، دەزگای ناسا پشتی بە بەکارهێنانی ئەو وزەیە بەستووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا، هەرچەندە وزەی خۆر سەرچاوەیەکی کاریگەر و باوەڕپێکراوە بەڵام بەهۆی درێژخایەنی ماوەی کاتژمێرەکانی شەو لەسەر رووی مانگ کە یەک شەو یەکسانە بە نزیکەی ١٤ رۆژی زەوی وا دەکات نەتوانرێت پشت بە وزەی خۆر ببەسترێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی بەردەوام لەو شوێنەدا.

بەپێچەوانەی وزەی خۆرەوە، وێستگە ئەتۆمییەکە لەتوانایاندایە بە بەردەوامی بەبێ گوێدانە بوونی وزەی خۆر کار بکات و وزەی کارەبا بەرهەم بهێنێت.

دیزاینی وێستگە ئەتۆمییەکە؛

کۆمپانیاکانی تایبەت بە دیزاینکردنی وێستگەکە بەجۆرێک دیزاینیان کردووە کە سیستەمی گۆڕین و بەڕێوەبردن و دابەشکردنی وزە لەخۆبگرێت بە تێچوویەکی کەم.

هاوکات، بتوانێت لانیکەم بۆ ماوەی دە ساڵ بەبێ دەستوەردانی مرۆڤ لەسەر رووی مانگ کار بکات، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لە بەردەوامی هەوڵی زانایان بۆ ئەنجامدانی ئەرک و توێژینەوە زانستییەکان لەسەر رووی مانگ.

کێش و توانای بەرهەمهێنانی کارەبای وێستگەکە؛

بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی دەزگای ناسا پێویستە کێشی وێستگەکە کەمتر لە شەش تۆن بێت و توانای بەرهەمهێنانی ٤٠ کیلۆوات وزەی کارەبای هەبێت، کە ئەوەش پێداویستی ٣٣ ماڵ لەسەر زەوی لە وزە پڕدەکاتەوە.

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد و چەند کۆمپانیایەکی گەورە بەشدارییان تێدا کردووە کە ئەوانیش کۆمپانیای 'لۆکهید مارتن' لە شاری بێثێسدا، 'ئێم دی، وێستینگهاوس' لە شارۆچکەی کرانبێری، 'پی ئەی و ئای ئێکس' لە شاری هیوستن، تی ئێکس- بۆ پێشکەشکردنی دیزاینی وێستگەکە.

لە ئێستاشدا ناسا ئامادەکاریی دەکات بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکەکەی (ئاڕتێمیس)، کە دووەم نیشتنەوەی کەشتیوانی ئاسمانیی لەسەر رووی مانگ لەخۆدەگرێت و رەنگە لەمساڵ یان ساڵی ٢٠٢٦ رووبدات.

لەو چوارچێوەیەدا و بەپێی پڕۆگرامی (ئاڕتێمیس)، یەکەم ژن و یەکەم کەسی رەشپێست رەوانەی سەر رووی مانگ دەکرێت، ئەوە جگە لە مانەوەی هەمیشەیی مرۆڤ لەسەر مانگ وەک ئامادەکارییەک بۆ رووکردنە سەر هەسارەی مەریخ.

هەروەها ناسا هەوڵدەدات بنکەیەک و وێستگەیەکی ئاسمانیی لە خولگەی مانگدا کە ناوی (گایتوای) لێنراوە بونیادبنێت و لەوێ مرۆڤایەتی فێری شێوازی ژیان ببن لە بۆشایی ئاسمان.













گەلەری