سەردێڕ:

گرژی و ئاڵۆزییەکانی دەریای سور عێراق دەکاتە سەرەتای هێڵی بازرگانی وڵاتانی عەرەبی

AM:09:03:11/02/2024

1772 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گواستنەوەی میسر رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور لە ئێستادا وڵاتانی جیهان پشت بە هێڵی بازرگانی وڵاتانی عەرەبی دەبەستن کە بە خاکی عێراقدا تێپەڕ دەبێت و درێژدەبێتەوە بۆ وڵاتی میسر.


وەزارەتی گواستنەوەی میسر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، جوڵەی بازرگانی جیهانی بەراورد بە ساڵی رابردوو هێواشتر بووەتەوە و ئەوەش لە دەرئەنجامی گرژی و ئاڵۆزی گروپەچەکدارەکان و ئەمریکا بوو لە دەریای سوور.

باس لەوەش کراوە، لە قۆناغی سەرەتادا ئاستی گواستنەوەی بازرگانی پشت بە هێڵی وشکانی و گواستنەوەی بارهەڵگرەکان دەبەستێت کە بەندەری فاو دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بە خاکی ئەردەن و میسڕ ئەوەش جوڵەی بازرگانی ناوچەکە فراوانتر دەکات.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە قۆناغی دووەمدا پشت بە هێڵی ئاسنینی عێراق دەبەسترێت بۆ خێراکردنی گواستنەوەی بازرگانی ناوچەکە. دەشڵێت، "ئاڵۆزیەکانی دەریای سور هێڵی بازرگانی نێوان عێراق و ئوردن و میسری چالاککرد کە ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی هەلی کار و بوژانەوەی ژێرخانی داهاتی گومرگەکان".

لەبەرامبەریشدا محەمەد عەلی بەرپرسی پێشووی بەشی گواستنەوە و لۆجستیکی بازرگانی میسر رایگەیاند، ئەو هێڵە بازرگانییە دەکرێت جوڵەی بازرگانی چارەسەر بکات تا ماوەیەک بەڵام ناکرێتە شوێنگرەوەی کەناڵی سوێز لە ناوچەکەدا بۆ بازرگانانی جیهان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە بەهۆی هێرشی گروپەچەکدارەکانی یەمەنەوە ئاستەنگی جوڵەی بازرگانی لە دەریای سوردا دروستبووە کە بەهۆیەوە ٣٣٪ دەستراگەیشتنی جیهان بە کەرەستەکە بازرگانییەکان هێواشتر بووەتەوە.













گەلەری