لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمەوە خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستیپێکردەوە و مامۆستایان باس لەوەدەکەن، حکومەت بێباکە بەرامبەر داواکارییەکانیان و کەرتی پەروەردە. لە هەولێریش خۆپیشاندانی پشتگیری لە مامۆستایان و دژی دواکەوتنی مووچە بەڕێوەچوو.
لەو بارەیەوە حزبی شیوعی رایگەیاند، "ئاسایشی هەولێر چواردەوری بارەگای مەڵبەندی هەولێری حزبەکەیانی گەمارۆداوە و ڕێگا نادەن خۆپیشادانی پاڵپشتی لە مامۆستایان بکەن."
هاوکات، لە هەریەکە لە هەڵەبجە و کەلار و رانیە و قەڵادزێ و چەمچەماڵ و شارەزوور و کفری خۆپیشاندانی
مامۆستایان بەردەوامە و باس لەوەدەکەن، سوورن لەسەر داواکارییەکانیان بۆ پێدانی
مووچە لەکاتی خۆیدا، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندن.
مامۆستایان باس لەوە دەکەن، "لەکاتێکدا لە ساڵی
٢٠٢٣ سێ مووچەمان فەوتابێت و مووچەش ماوەی ٥٠ رۆژ جارێک بێت هیچ سوودێکی نییە
بۆمان و دەمانەوێت مانگانە لەکاتی خۆیدا شایستە داراییەکانمان پێ بدرێت."
دەشڵێن، '' هەڕەشەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامکردن رامانناگرێت لە بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان و داواکردنی مافەکانمان."
ئەوەشیان خستە روو، " ئەوەی ئێمە داوای دەکەین
سەرەتایترین مافی خۆمانە و تا ئەو کاتەی وەڵامی داواکارییەکانمان دەدرێتەوە
بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان."
ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە دواکەوتنی مووچە و پێنەدانی مووچە
و سیستمی پاشەکەوت و لێبڕین یەخەی مووچە خۆرانی هەرێمی گرتووە و دۆخی ئابووری هاوڵاتییان
بە گشتی خراپە، ئەوەش کاریگەریی کردووەتە سەر سەرجەم کایەکانی دیکەی ژیان و جموجوڵی
بازاڕ و دۆخی دەروونی هاوڵاتییان و تەنانەت بە جۆرێکە کە هاوڵاتییان لە دۆخێکی زۆر
پێویستدا نەبێت سەردانی پزیشک ناکەن.