سەردێڕ:

بانكی ناوەندی ئەوروپا: پشتگیری له‌ سیستمی پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی له‌ عێراق ده‌كەین

PM:03:17:17/01/2024

1264 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی پەرەپێدانی سیستمی بانکی و کەرتی تایبەت لەگەڵ سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوروپا بۆ کاروباری گەشەپێدانی بانک کۆبووەوە. بانكی ئەوروپاش دەڵێت، پشتگیری له‌ سیستمی پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی له‌ عێراق ده‌كەن.


نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی گەشەی ئابووری نانەوتی و سیستمی بانکی لەگەڵ ئودێل رینۆ سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوروپا بۆ گەشەپێدانی بانکەکان کۆبووەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەنگاوە رژدەکانی عێراق بۆ بەستنەوەی بانکەکانی عێراق بە ئەوروپاوە کراوە و بۆ ئەومەبەستەش چاکسازی لە بانکەکان و کەرتی تایبەتدا کراوە کە دەتوانێت هاوکار بێت لەوەی گەشەی نانەوتی و بانکەکان خێراتر بکات.

باسی لەوەش کرد، رێکخستنی دەرفەتەکانی کار بۆ بانکەکانی ناوخۆ لە دامەزراندن و دەستپێشخەرییەکانیان بەئامانجی فراوانکردنی ئاستی بەشداریکردنیان لە بازاڕی کاردا کاری لە پێشینەی هەردوو لایان دەبێت. دەشڵێت، "ئەم هەنگاوەمان لەپێناو رەخساندنی هەلی کاری زیاترە بۆ هاوڵاتییانی عێراق."

هاوکات، هەر لەو بارەیەوە عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، بانکێکیان بە ناوی بانکی ئابووری سەوز بۆ گەشەپێدانی بەردەوام دامەزراندووە کە دەبێتە یەکەمین بانک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ماوەی پێنج ساڵدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار هەلی کار بۆ هاوڵاتییانی عێراق دەڕەخسێنرێت.

بانکی ئەوروپاش پاڵپشتی خۆی بۆ کارەکانی حکومەتی عێراق دەربڕی سەبارەت بە پەرەپێدانی کەرتی بانکی بەتایبەت سیستەمی ئەلیکترۆنی، هەروەها ڕێوشوێنه‌كانی حكومه‌تی له‌ بواری مۆدێرنكردن و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی بانكی به‌رز نرخاندووە.













گەلەری