سەردێڕ:

کۆڕبەندی پرسە ئابوورییەکانی جیهان لە سویسرا بەڕێوەدەچێت

AM:11:14:14/01/2024

1320 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سبەی ١٥ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ٥٤ـەمین کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس دەست پێبکات و چوار رۆژ دەخایەنێت، کۆڕبەندەکە بە بەشداری سەرۆک و نوێنەری ١٠٠ وڵاتی جیهان و زیاتر لە دوو هەزار نوێنەری پسپۆڕی ئابوری و تەندروستی بەڕێوەدەچێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ناوەندی ئابووری و فۆڕمی جیهانی داڤۆس رایگەیاند، سبەی دووشەممە ٥٤ـەمین کۆڕبەندی ئابووری و ئاسایشی وزە لە سویسرا بە بەشداری ١٠٠ نوێنەر و سەرۆکی وڵات بەڕێوەدەچێت و چوار رۆژ دەخایەنێت.

بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە بۆ هەر کۆمپانیایەک یان کەسێک کە بەشدار دەبێت پێویستە ١٨ تاوەکو ٤٠ هەزار یۆرۆ بدات، کە ساڵانە هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە.

کۆڕبەندەکە بە هەماهەنگی هێزی زەمینی و ئاسمانی نەمسا و ئیتاڵیا و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت کە زیاتر لە پێنج هەزار سەرباز تەرخان کراوە بۆ ئاسایشی کۆڕبەندەکە و سەرۆک و نوێنەری کۆمپانیاکانی جیهان، بەوەش دەبێتە گەورەترین کۆڕبەندی داڤۆس.

بەگوێرەی پلاننامەی کۆربەندەکە بڕیارە لەسەر گیروگرفتەکانی بەردەم ئاسایشی وزە و ئابووری جیهان و تەکنەلۆژیا کۆڕبەندەکە بەڕێوەبچێت و هەریەک لە وڵاتان و نوێنەری کۆمپانیاکان چارەسەر و پلانەکانیان دەخەنە روو.

کۆی داهاتی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەگاتە ٢٠٠ ملیۆن فرەنگی سویسری و نیوەی بۆ بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە خەرج دەکرێت و نیوەکەی تریشی دەدرێتە کرێی ستافی جێبەجێکار، کە بۆ هەر کۆمپانیا و وڵاتێک بیەوێت بەشدار بێت پێویستە بڕی ١٨ تا ٤٠ هەزار یۆرۆ بدات.













گەلەری