سەردێڕ:

هاتوچۆی عێراق بەنیازە لەگەڵ هەرێم سیستمی هاتوچۆ و مۆڵەتی شۆفێری رێکبخەنەوە

PM:07:10:12/01/2024

1748 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتی عێراق رایگەیاند، دەیانەوێت لەگەڵ هەرێم سیستمی هاتوچۆ بەتەواوی رێکبخەنەوە بەتایبەت لە بواری دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دا. دەشڵێت،" لە هەندێک بواردا کارەکانیان رێکخستووەتەوە".


ئەمڕۆ هەینی، زیاد قەیسی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی کارگەیەکی تابلۆی نوێن و سەرجەم کارەکان بۆ دروست کردنی ئەو کارگەیە تەواوبووە و چاوەڕێ دەکەن ئامێری تایبەت بە چاپی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە ماوەی چەند رۆژێکی کەم بگاتە کارگەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای گەیشتنی ئامێرەکان چاپکردنی تابلۆکان دەست پێ دەکات و ئەو تابلۆ نوێیانە لەخۆ دەگرێت کە لەسەر ستانداردی نێودەوڵەتی و رێککەوتنامەی هاتوچۆی ڤییەنا لە ساڵی ١٩٦٨ دیاریکراون.

لەبارەی کارەکانیان لەگەڵ هەرێم باسی لەوە کرد، زۆربەی کاروبارەکانی هاتوچۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێم یەکخراوە، لە ئێستاشدا کار دەکەن بۆ زیادکردنی هەماهەنگییەکان و یەکخستنی سیستمی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، تاکو بتوانن سیستمێکی هاوبەش دروست بکەن.

ئەوەشی خستە روو، ئەو مۆڵەتە شۆفێریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە بە بڕی ٣٦ هەزار دینار دەردەکرێت، دانپێدانراوی هەموو ئەو دەوڵەتانەیە کە عێراق هەماهەنگی پرۆتۆکۆڵی لەگەڵیاندا هەیە.













گەلەری