سەردێڕ:

کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا بە رێژەی ٪٣٦ کەمی کردووە

PM:09:51:02/01/2024

4524 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا لەڕێگەی بەلەمی بچووک و بەشێوەیەکی نایاسایی کۆچیان بۆ بەریتانیا کردووە گەیشتوونەتە زیاتر لە ٢٩ هەزار کۆچبەر، کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ رێژەکە ٣٦٪ کەمی کردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەڕێگەی بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە کەناراوەکانی باشوری ئینگلتەرا ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد کە ٤٥ هەزار و ٧٧٥ کۆچبەر بوون بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا بەرێژەی ٣٦٪ دابەزیوە.

هاوکات، ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بە ئامانجی کەمکردنەوەی رێژەی زۆری کۆچبەران راگرتن و قەدەغەکردنی بەلەمەکانی کردە یەکێک لە کارە گرنگ و لەپێشینەکانی خۆی.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، لە پلانیدایە دووبارە دۆسیەی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا بەتایبەت ئەوانەی بە نایاسایی روو لە وڵاتەکە دەکەن زیندوو بکاتەوە ئەوەش پاش ئەوەی لەلایەن دادگاکانەوە رێگری لێکرا.

لە ١٢ـی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا، پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا پەسەند کرد و پڕۆژەیاساکە دەبێت بچێتە بەردەم ئەنجوومەنی خۆیی و شای ئەو وڵاتە و واژۆ بکرێت دواتر جێبەجێ دەکرێت.

لە کۆی ٥٨٢ پەرلەمانتار، ٣١٣ پەرلەمانتار دەنگیان بە بەڵێ دا و ٢٦٩ پەرلەمانتاری تریش دەنگیان بە نەخێر دا و لە کۆتایدا بە جیاوازی ٤٤ دەنگ یاساکە تێپەڕێندرا.

بەپێی وتەی شارەزایان، ئەگەر پڕۆژە یاساکە بەو قۆناغانەشدا تێبپەڕێت لە کۆتایدا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پەنابەران داوای یاسایی تۆماردەکەن و لە دادگای باڵای بەریتانیادا کەیس بۆ ئەو یاسایە دەکەنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٥ـی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رێکەوتنی ناردنی پەنابەرانی لەگەڵ روەندا هەموار کردەوە و لەلایەن حکومەتەکەی ریشی سوناکەوە پڕۆژە یاساکە بۆ جاری دووەم نێردرایەوە پەرلەمان.













گەلەری