سەردێڕ:

داوا دەکرێت تڕەمپ بەژداری هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نەکات

AM:09:34:29/12/2023

1976 جار خوێندراوەتەوە

حاکمی ویلایەتی مەینی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە ماددەی ١٤ی دەستوور پەیڕەوبکرێت و تڕەمپ مافی کاندیدبوونی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٤دا لێ بسەندرێتەوە ئەمەش بەهۆی بوون بە هۆکاری هێرش کردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا.


ئەمڕۆ هەینی شێنا بێڵۆوز حاکمی ویلایەتی مەینی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بلاویکردەوە، بەپێی ماددەی چواردەی دەستوور پێویستە مافی خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا لە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بسەندرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا دۆناڵد تڕەمپ دەنگۆی ساختەکاری هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە و داوای لە لایەنگرانی کرد کە بگەنە کۆنگرێسی ئەمریکا و دژی بڕیارەکانی هەڵبژاردنی ئەو ساڵە بووەستنەوە و ئەوەش مافی کاندیدبوون لە تڕەمپ وەردەگرێتەوە.

لە بەرامبەردا کامپینەکەی تڕەمپ باسی لەوە کرد، بە زووترین کات ناڕەزایەتی دژی ئەو بڕیارە تۆماردەکەن.

هەر لەو بارەیەوە پارێزەرەکانی تڕەمپ ئەوەیان خستە ڕوو، ئەو شتەی تڕەمپ کردوویەتی یاخیبوون نەبووە و ئەو وتارانەی تڕەمپ بە لایەنگرانی پێشکەشی کردووە لەژێر سێبەری ئازادی رادەربڕیندا پارێزراوە و نایاسایی نەبووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ١٠ رۆژ پێش ئێستا دادگای باڵای کۆلۆرادۆ رایگەیاند، پێویستە تڕەمپ مافی بەژداریکردنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لێ بسەندرێتەوە بەهۆی بوون بە هۆکاری هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە بەرواری ٦ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١دا.













گەلەری