سەردێڕ:

دیارترین رووداوە سروشتی و مرۆیەکانی ساڵی ٢٠٢٣ چی بوون؟

PM:04:19:27/12/2023

3348 جار خوێندراوەتەوە

وەک باس دەکرێت رووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٣ و کاریگەریەکانی بێ جیاوازی بەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دابەش بووە و لەوانەیە تا ساڵانێک کاریگەریان بمێنێتەوە، هەر لەسەرەتاشەوە بوومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و سوریا پێشوازییان لە ساڵی ٢٠٢٣ کرد.


بەرەبەیانی رۆژی٢ـی شوباتی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکوری کوردستانی هەژاند.

بومەلەرزەکە هێندە بەهێز بوو زۆربەی ناوچەکەکانی باکوری کوردستان و سوریای گرتەوە، بە تێکڕا لە هەردوو وڵات بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٢ هەزار کەس.

جگە لەوەش، بوومەلەرزەکە بووە هۆی روخانی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار باڵەخانە و ئاوارەبوونی ٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس. هەر بۆیە میدیاکان بە بوومەلەرزەی سەدە ناویان برد.

دواتر رۆژی ١٥ـی مانگی چوار جەنگ لە سودان جەنگ هەڵگیرسا لە نێوان هێزە چەکدارەکانی پاڵپشتی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد دەقلۆ لەگەڵ سوپای سودان بە رابەرایەتی عەبدولفەتاح بورهان، هەرچەندە چەند جارێک ئاگر بەستی کاتیان ئەنجامدا، بەڵام هەزاران کەس بوون بە قوربانی و دەیان هەزار کەسیش ئاوارەبوون و تا ئێستاش گرژییەکان بەردەوامییان هەیە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوینیشدا، گەرمایەکی تاقەتپروکێن جیهانی گرتەوە، بەجۆرێک لە هەندێک وڵات پلەی گەرمی گەیشتە سەروو پەنجا پلەی سیلیزی،ئەوەش وای کرد ئاگر بکەوێتەوە لە زۆرێک دارستانەکانی جیهان.

لە ئەمریکا و یۆنان و ئیتاڵیا و تورکیا و جەزائیر، بەهۆی شەپۆلەکانی گەرماوە رووبەری سەدان هەزار هێکتار زەوی درەخت سوتان. لەم نێوەندەشدا دورگەکانی هاوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشکی شێریان بەرکەوت. لە سەرەتای مانگی حەوتەوە زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوە لە دارستانی هاوایدا بووە هۆی ئەوەی باری نائاسایی رابگەیەندرێت. بەو پێیەی تەنها لە شارۆچکەی لاهاینا زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لە دەستدا.

دوا تریش بەرەبەیانی رۆژی ٩ــی مانگی نۆ، کاتێک خەڵکی مەغریب لە خەودا بوون بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٨ پلە بە پێوەری رێختەر لە خەوی هەڵساندن،بومەلەرزەکەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی سێ هەزار کەس و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش برینداربوون.

بەڵام رووداوە سروشتیەکان هەر بەمەوە نەوەستان و ڕۆژێک دوای بومەلەرزەکەی مەغریب زریانی دانیاڵ لە ئەوروپاوە گەیشتە لیبا و توڕەیی خۆی بەتاڵ کردەوە،میدیاکانی لیبیا رایانگەیاند زریانەکە لە ماوەی شەو و رۆژێکدا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە پێنج هەزار کەس، و بێ سەروو شوێن بوونی هەزاران کەس.

دوای ئەمەش دواین رووداو دووبارە هەڵگیرسانەوەی جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل بوو، لە رۆژی ٧ــی مانگی ١٠ ئەمساڵ، هەر لەساتی هەڵگیرسانەوەی جەنگەکەدا لەسەر ئاستی جیهان کاردانەوەی دروست کرد، بەپێی دواین ئامارەکانیش بەهۆی جەنگەکەوە لە هەردوولا زیاتر لە ٢٢ هەزار کەس بوونە بە قوربانی و هەزاران کەسی دیکەش بریندا بوون.

وەک میدیاکان باسی لێوە دەکەن، بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و سوریا لەگەڵ جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، دوو کاریگەرترین رووداوی ساڵن،بەو پێیەی هەر یەکێکیان زۆرترین کاردانەوە و زۆرترین قوربانیان لێکەوتەوە.













گەلەری