سەردێڕ:

بەهۆی دوورگەیەکەوە لە وەرزی زستاندا دەتوانیت بە پێ لەنێوان روسیا و ئەمریکادا هاتوچۆ بکەیت

PM:01:12:25/12/2023

8196 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان روسیا و ئەمریکا لەوانەیە زیاتر لە نۆ هەزار کیلۆمەتر و نزیکی ١٠ کاتژمێر بێت، بەڵام بەهۆی دوورگەیەکەوە لە وەرزی زستاندا دەتوانیت بە پێ و لەماوەی نزیکی ٣٠ خولەکدا لەنێوان روسیا و ئەمریکادا هاتوچۆ بکەی؛ ئەو دوورگەیەی ناسا بە دوورگەی دوێنێ و بەیانی ناوی هێناوە.


تەنها دووری کەمتر لە چوار کیلۆمەتر دوورگەی دایۆمیدی گەورە و بچووک لەیەک جیادەکاتەوە، بە جۆرێک، دوورگەی دایۆمیدی گەورە دەکەوێتە روسیا و دورگەی دایۆمیدی بچووک دەکەوێتە ویلایەتی ئاڵاسکای ئەمریکا.

بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی ویلایەتی ئالاسکا، دووری نێوان ئەو دوو دوورگەیە ٣.٨ کیلۆمەترە و لە وەرزی زستاندا کاتێک گەرووی بێرینگ کە دەکەوێتە نیوانیان دەیبەستێت، دەتوانی لەماوەی نزیکی ٣٠ خولەکدا بەپێ لە دوورگەیەکیانەوە بگەیتە ئەوی دیکەیان.

سەرەڕای ئەوانەش، زۆر بە ئاسانی دەتوانیت ئەگەر لە هەر کام لە دوورگەکانەوە بیت، دوورگەی بەرامبەر ببینیت.

 


دوورگەی دوێنێ و بەیانی

ناسا ئەو دوو دوورگەیەی بە دوورگەی دوێنێ و بەیانی ناوهێناوە، ئەمەشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، سەرەڕای ئەوەی بە ٢٠ خولەک نێوانیان دەبڕدرێت، بەڵام بەهۆی رێکارە فەرمییەکانی نێوان دوو دوورگەکە، بە ٢١ کاتژمێر بەشێوەی فەرمی دەتوانیت لە دوورگەیەکیانەوە بچیتە ئەوی دیکەیان و بەو هۆیەشەوە، ئەگەر لە رۆژی رابردوودا بەڕێبکەویت، لە رۆژی داهاتوودا دەگەیتە دوورگەکە.

دانیشتووان

دوورگەی دایۆمیدی ئەمریکی نزیکی ١١٥ کەسی تێدا دەژی، بەڵام هەرچی دوورگەی دایۆمیدی روسیایە، دانیشتووی هەمیشەیی نییە و بنکەیەکی کەشناسی روسیای لێیە.

ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئالاسکا تاوەکو ساڵی ١٨٦٧ لەژێر دەستی روسیادا بوو، بەڵام دوای ئەنجامدانی رێککەوتنێک، ئەمریکا بە نزیکی ٧.٢ ملیۆن دۆلار ئالاسکای لە روسیا کڕییەوە.
هـ.ئـ













گەلەری