سەردێڕ:

بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک؛ پاریس پێگەی جوانترین شاری گەشتیاریی بەدەستهێنایەوە

PM:09:40:16/12/2023

1756 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیایەکی بەریتانی لە نوێترین پۆڵینیدا، شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسای بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک وەک جوانترین شوێنی گەشتیاریی لە جیهاندا ناساند.


کۆمپانیای(یۆرۆمۆنیتۆر)ـی بەریتانی لە نوێترین پۆلێنیدا بۆ دیاریکردنی جوانترین شوێنی گەشتیاری لەمساڵدا ئاماژەی بەوە کردوە، پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لە پۆلێنەکەدا پێگەی جوانترین شوێنی گەشتیاریی لە جیهاندا بەدەستهێناوە و ئەوەش دەبێتە سێیەم ساڵ لەسەر یەک کە شارەکە ئەو نازناوە وەربگرێت.

هاوکات، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لەمساڵدا روویان لە پاریس کردووە ١٥ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و بەهۆی ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤ میوانداریی یارییەکانی ئۆلۆمپیادی هاوینە دەکات، پێشبینی کراوە ببێتە جێگەی سەرنجی زیاتر و پاریس لە گەشتیار و هەوادارانی یارییەکان جمەی بێت.

خەڵکی پاریس بە خۆشەویستیان بۆ بۆن و پۆشاک ناسراون و هەر گۆشەیەکی شارەکەش هونەرێکی راقی و مێژوویی تیادا بەدی دەکرێت.

شەقامەکانی شانزیلیزێ، تاوەری ئیڤڵ و رووباری سین بە سێ پێگەی دیاری ئەو شارە ئەفسوناوییە دادەنرێت بەتایبەت شەقامی شانزیلیزێ کە پیاسەیەکی ئێوارانی ئەو شەقامە گەشتێکی دڵخوازی سەردانیکەرانی شارەکەیە کە لە کەوانەی سەرکەوتنەوە دەستپێدەکات و لە گۆڕەپانی کۆنکۆرد و باخچەکانی تۆیلۆری کۆتایی دێت، بە درێژایی شەقامەکەش چەندین قاوەخانە و دوکانی ڕاقی بەرچاودەکەون.

جگە لەوە پاریس بە پێگە رۆشنبیرییەکانیش دەوڵەمەندە، وەک کاتدرائی بەناوبانگی نۆتردام کە ئاگرکەوتنەوەکەی ساڵی ٢٠١٩ زیانی زۆری پێگەیاند، لەگەڵ مۆزەخانەی لۆڤەر کە تابلۆی بەناوبانگی مۆنالیزای لە ئامێز گرتووە و هەروەها زانکۆی سۆربۆن لەناوجەرگەی پاریس بەڵگەیە لەسەر ئاستی پێشکەوتنی زانستی لە شارەکە.

بەپێی پۆڵێنکردنەکەی کۆمپانیای بەریتانی، جگە لە پاریس چوار شاری ئەوروپی تر لە پێشەنگی ئەو شارانەن کە گەشتیار دڵخوازی سەردانیکردنیانە، ئەوانیش مەدرید و ئەمستردام و ڕۆما و بەرلینن بەڵام ئەو تایبەتمەندییانەی کە پاریس هەیەتی، وایکردووە بەبێ ڕکابەر بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەر یەک باشترین پێگەی گەشتیاریی بێت لە جیهاندا.













گەلەری