سەردێڕ:

دوورترین کەشتی ئاسمانی پەیوەندی لەگەڵ زەویدا پچڕاوە

PM:05:01:15/12/2023

2744 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای ناسا رایگەیاند، کەشتی ئاسمانی ڤۆیجەر'١' کە دوورترین کەشتی ئاسمانییە لە زەوییەوە و زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا بەمەبەستی پشکنینی گەردوون رەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە، تووشی کێشەیەکی تەکنیکی بووە و پەیوەندیی لەگەڵ زەویدا پچڕاوە.


ئەمڕۆ هەینی، دەزگای ناسا رایگەیاند، کەشتی ئاسمانی ڤۆیجەر '١' کە تەمەنی ٤٦ ساڵە و بە مەبەستی پشکنینی گەردوون رەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە لە چەند رۆژی رابردوودا چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە بەشی پەیوەندیکردنەکەیدا دروست بووە و پەیوەندی لەگەڵ زەوی پچڕاوە.

ئەماژەی بەوەش کرد، ئەندازیارەکانیان وتویانە بەهۆی زۆری تەمەنی کەشتییەکەوە ئەو کێشەیە دروست بووە و هەوڵدەدەن هەرچۆنێک بێت کێشەکە چارەسەر بکەن.

لە ٥ـی ئەیلولی ١٩٧٧ـدا بە مەبەستی پشکنینی گەردوون و گەڕان بەدوای بوونەوەرێکی تردا لە گەردوندا، کەشتی ڤۆیجەر '١' رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.

لە بەشی پێشەوەی ئەم کەشتییەدا دیسکێکی زێڕین جێگیر کراوە، کە بە زمانە جیاوازەکانی دونیا سڵاو لە ئەو کەسە یان بوونەوەرە دەکەن کە دیسکەکە لێدەدات و دەنگی روبار و شارەکان و تاڤگەکان و باڵندە و هەورەبروسکە و با و باران و چەندین دەنگی تری زەوی تێدا تۆمارکراوە و لە کۆتایشدا شوێنی زەوی لە گەردووندا باسکراوە و داوادەکەن هەرکەس گوێی لە تۆماری ئەم دیسکە گرت سەردانی زەوی بکات.

هەرچەندە ڤۆیجەر یەک ٢٤ ملیار کیلۆمەتر لە زەوی دورکەوتووەتەوە بەڵام لە ئێستادا لە کۆتایی تەمەنی نزیک دەبێتەوە و هیچکەس گوێی لە تۆمارە جێگیرکراوەکەی سەری نەگرتووە، هاوکات بەپێی پێشبینییەکانیش لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا بەهۆی بێتوانابوونی بارگاویکەرەوەی پاتریەکانییەوە بە تەواوەتی لەکاردەکەوێت.













گەلەری